شێروان دووبەردانی: تۆمەتبارانی شەهیدکردنی دوو هاووڵاتییە کوردەکەی کەرکووک دەستگیر کران

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئامر فەوجی دژەتیرۆری کەرکووک و ئەو ئەفسەر و چەکدارانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی داعش تەقەیان کردووە و بوونە هۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتیی کورد، هەموویان دەستگیر کراون و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگای سەربازی کراوە.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەلەمانی عێراق، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ موقەدەم روکن ئامر فەوجی دژە تیرۆری کەرکووک و ئەفسەری هەواڵگری دژە تیرۆر و ئەو چەکدارانەی لە ئۆپەراسیۆنی رووبەڕوونەوەی داعش تەقەیان کرد و دوو هاووڵاتیی کوردیان شەهید کرد، هەموویان دەستگیرکراون و لە زیندان و دۆسییەکەیان رەوانە دادگای سەربازی کراوە.

شێروان دووبەردانی جەخت لەوە دەکاتەوە سەرۆکی پەرلەمان لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی رووداوی کوژرانی دوو هاووڵاتییە کوردەکە لە کەرکووک.

بەگوێرەی زانیارییەکان؛ موقەدەم روکن ئامر فەوجی دژە تیرۆری کەرکووک، تەنیا دوو هەفتە بوو لە پۆستەکەیدا دەست بەکاربووە، بەڵام بڕیارە عەقیدی پشوو بگەڕێندرێتەوە شوێنەکەی.

27ی ئەیلوولی 2026، پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ روویدا. لە ئەنجامدا دوو چەکداری داعش و دوو هاووڵاتی کوردیش کوژران و دوو چەکداری دیکەش دەستگیرکران.