شێروانی دووبەردانی: رێباز حەملان هەر بە کاندیدی پارتی دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێباز حەملان بەربژێری پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەڵام تا ئێستا بەربژێری پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران دیاری نەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند: تا ئێستا ناوی بەربژێری پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستیان و چاوەڕێی سەرکردایەتیی پارتەکەیان دەکەن، هاوکات لایەنە شیعە و سوننەکان بەربژێرەکانی خۆیانیان بۆ ئەو پۆستە یەکلاییکردووەتەوە.

لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی عەلی زەیدی، دووبەردانی گوتی، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیەدا، پێدەچێت بەهۆی بەردەوامیی گفتوگۆکان لەسەر پۆستەکان، دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.

سەبارەت بە پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی روونیکردەوە، هێشتا ناوی بەربژێری سێ وەزارەت یەکلانەبوونەتەوە، کە بریتین لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، هەروەها پلاندانان. 

دووبەردانی جەختیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات ئەگەر رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر تەواوی ناوی وەزیرەکان و پۆستەکان نەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە و پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی عەلی زەیدی تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بێت. هاوکات سبەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەمان پرس تاوتوێ بکەن و چارەسەری کۆتایی بۆ گرفتەکان بدۆزنەوە.