هەزاران کارتی نیشتمانی لە دهۆک وەرنەگیراونەتەوە

عەقید ئەمیر محەمەد، گوتەبێژی رەگەزنامەی دهۆک
عەقید ئەمیر محەمەد، گوتەبێژی رەگەزنامەی دهۆک

گوتەبێژی رەگەزنامەی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی 10 هەزار کارتی نیشتمانی لە دهۆک ئامادەن، بەڵام خاوەنەکانیان تا ئێستا بۆ وەرگرتنەوەیان سەردانی فەرمانگەکانیان نەکردووە.

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 97%ـی ئەو کارتانەی بۆ هاووڵاتییان دەرکراون ئامادەن، هێشتا بەشێک لەو بەڵگەنامانە وەرنەگیراونەتەوە. پڕۆسەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی لە ساڵی 2019ـەوە لە سەرجەم ناوچەکان دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید ئەمیر محەمەد، گوتەبێژی رەگەزنامەی دهۆک روونیکردەوە، لە ساڵی 2016ـەوە دەستیان بە دەرکردنی کارتی نیشتمانی کردووە و تا ئێستا 95%ـی خەڵکی دهۆک کارتی نیشتمانییان دەرکردووە، کە کۆی گشتیی ئەو کارتانە دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و 370 هەزار کارت.

عەقید ئەمیر گوتی: "نزیکەی هەشت بۆ نۆ هەزار کارتی نیشتمانی ماونەتەوە کە هاووڵاتییان وەریان نەگرتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی دەرکراون، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت نەهاتوونەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی".

لە رێگەی کوردستان24ـەوە، عەقید ئەمیر داوای لەو هاووڵاتییانە کرد سەردانی فەرمانگەکانی رەگەزنامە بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە. هاوکات جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی نوێکردنەوەی ئەو کارتانەی دوو بۆ سێ ساڵە بەسەرچوون.

گوتەبێژی رەگەزنامەی دهۆک روونیکردەوە، ئەگەر 10 ساڵ بەسەر تەمەنی کارتی نیشتمانیدا تێپەڕێت، چیتر کارتەکە بۆ هیچ مامەڵەیەکی فەرمی کارا نابێت و پێویستە خاوەنەکەی بۆ نوێکردنەوەی سەردانیان بکات، تا لە دامودەزگاکاندا تووشی ئاستەنگ نەبێت.

لە کۆتاییدا، عەقید ئەمیر روونیکردەوە، پڕۆسەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی رۆژانە بەردەوامە و لە رێگەی 18 بەشی جیاوازەوە خزمەتی هاووڵاتییان دەکرێت. ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەوەی 95%ـی هاووڵاتییان کارتەکەیان دەرکردووە، قەرەباڵخی و پاڵەپەستۆ نەماوە و تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەک سەردانیان بکات، کاروباری یاسایی بۆ جێبەجێ بکەن.