ئاسایشی هەرێم؛ بکوژانی هاوڵاتییەکەی پێنجوێن دەستگیر کرا

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، هەردوو تۆمەتباری کوشتنی هاوڵاتییەک لە سلێمانی دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بەردەوام، توانیویەتی بکوژی سەرەکی و هاوکارەکەی لە تاوانی کوشتنی هاوڵاتی محەمەد ئەحمەد حەمەئەمین، ناسراو بە محەمەد مەلای مامە گەورەی پێنجوێنی دەستگیربکات.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایانکرد، تۆمەتباران بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادانی عێراق راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

کوشتنی ئەم بازرگانە دوای ئەوە هات، تەرمەکەی لە گۆڕستانی گردی سەیوانی سلێمانی دۆزرایەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، محەمەد پێنجوێنی بازرگانی کەلوپەلی کارەبایی بووە و دوکانەکەی لە نزیک مەزادخانەی سلێمانی و بەرخانەقا بووە. هەرچەندە هۆکاری کوشتنەکەی لە سەرەتادا نەزانرا، بەڵام تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیوان دۆزراوەتەوە، کە کۆنترین گۆڕستانی سلێمانییە و دەکەوێتە بەری رۆژهەڵاتی شارەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی سلێمانی، بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئەم بازرگانە لەلای پۆلیس نییە و ئاسایشی سلێمانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکە دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، محەمەد پێنجوێنی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە مەبەستی پارەدانی کارەبا لە ماڵەوە دەرچووە و بڕی 25 ملیۆن دیناری پێ بووە. بەهۆی ئەوەی بە تاکسی رۆیشتووە و دوای ئەوەی هیچ سۆراخێکی نەماوە، دواجار پاش کاتژمێر 12ـی شەو تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیوان دۆزراوەتەوە.

گومانەکان بۆ ئەوە دەچن بازرگانەکە لەلایەن شۆفێری تاکسییەکەوە کوژرابێت بەهۆی ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆری پێ بینیوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی فەرمیی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی وردەکاریی کوشتنەکە بڵاو نەکراوەتەوە.