لە ئاکرێ ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان دەستپێدەکاتەوە

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو دەیان پڕۆژەی ساڵانی پێش کابینەکەشی تەواو کردووە و تەواویان دەکات.

لە ساڵی 2011 ـەوە تاوەکو ئێستا 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان بڕیاری جێبەجێکردنیان لە ئاکرێ دەرچووە، بەڵام تەنیا چوار پڕۆژە جێبەجێ کراون. بڵند رەزا، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە کوردستان24 ـی راگەیاند؛ دوای 15 ساڵ بەشێک لەو 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەکەیان تەواو دەکرێن و کاریان تێدا دەکرێت. 

گوتیشی، لە کۆی ئەو 23 پڕۆژەیەی وەبەرهێنان تەنیا چوار پڕۆژە جێبەجێکراون، ئەوانیش پڕۆژەی بچووکن و لەسەر رووبەری کەمتر لە 10 دۆنم زەوی دروست کراون و 19 پرۆژەی دیکە هێشتا جێبەجێ نەکراون، بەڵام لە سێ پڕۆژەدا کارکردن دەستیپێکردووەتەوە و پڕۆژەکان لە قۆناخی کۆتایی دان.

سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ ئاشکراشی کرد، پڕۆژەیانەی تەواو کراون، هەموویان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بوون، کە پێکهاتوون لە مۆڵێک، نەخۆشخانەیەک و دوو پڕۆژەی بازرگانی. دەشڵێت، داوایان کردووە هەر وەبەرهێنەرێک نەتوانێت پڕۆژەکەی تەواو بکات، پڕۆژەکەی لێوەربگیرێتەوە و بە وەبەرهێنەری دیکە بدرێت.

لە ساڵی 2011 ـەوە بڕیاری جێبەجێکردنی 23 پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری هەزار و 900 دۆنم زەوی دەرچووە و کارکردن لە بەشێکیان دەستیان پێکردووەتەوە و 16 پڕۆژەی دیکەش وەکخۆیان ماونەتەوە، بەشێک لە پڕۆژەکان تەنیا بەردی بناخەیان دانراوە و بەشێکی دیکەیان بە رێژەی جیاواز کاریان تێداکراوە.