داوای دامەزراندنی 500 مامۆستای ئایینی خۆبەخش دەکرێت

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوای دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە دەکات کە بە شێوەی خۆبەخش لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان هەفتانە 3700 گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت. لەو ژمارەیە، 2000 گوتار لەلایەن مامۆستایانی ئایینی خۆبەخشەوە پێشکەش دەکرێت.

دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە تێگەیشتن لە بارودۆخی ژیانی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش، چەندین جار نووسراومان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دامەزراندنی نزیکەی 500 مامۆستای خۆبەخش، یان دابینکردنی مووچەیان لە بودجەی گشتی ساڵی 2027ـی حکوومەتی عێراق.

گوتیشی: هەوڵەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەردەوام دەبن بۆ پاڵپشتی مافی مامۆستایانی ئایینی، کە وەزیری ئەوقافیش هەمیشە لە هەوڵدا بووە.

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روونیکردەوە، دامەزراندنی ئەو مامۆستایانە پێویستییەکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی گوتاردان لە مزگەوتەکان و بەبێ بوونیان، بۆشاییەکی زیاتر لەو بوارەدا دروست دەبێت.

بە گوتەی عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەگشتی 2000 مامۆستای ئایینی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان هەن. لەو ژمارەیە 1500 مامۆستایان مانگانە هاوکارییەک بە بڕی 250 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام 500 خۆبەخشی دیکە کە بەشێکیان رێکار و فەرمانی خۆبەخشییان نوێیە، هیچ هاوکارییەکی داراییان پێ نادرێت.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی زانایان ئاشکرایکرد، پێشتر لە دیداریان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی ئەو بابەتەیان کردووە و بە سوپاسەوە هاوکاری بۆ 1500 مامۆستای ئایینی بڕایەوە.

بەپێی ئامارەکان، 6000 مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەشێکیان هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران، لە کۆی 3700 گوتاری هەینی، 1700 گوتار لەلایەن مامۆستایانی سەر میلاک و 2000 گوتارەکەی دیکە لەلایەن مامۆستایانی خۆبەخشەوە پێشکەش دەکرێت.