پیت هێگسێس بۆ کەناڵی CNN: کینەتان بۆ ترەمپ لە خۆشویستنی نیشتمان گەورەترە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت هێگسێس، رەخنەی توندی لە کەناڵی CNN گرت دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک سەبارەت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن لایەنەکانی سەر بە ئێرانەوە بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری دژە جەنگ لە دەزگا راگەیاندنەکانی ئەمریکادا.

وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت هێگسێس، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" رەخنەی توندی لە کەناڵی CNN گرت و نووسیویەتی: "دووبارە و دووبارە دەکەونە هەمان تەڵەوە، چونکە رقتان لە سەرۆک زیاترە لەوەی وڵات و سەربازەکانمان خۆش بویستن."

راپۆرتەکەی CNN و زانیارییەکانی OpenAI

کاردانەوەکەی وەزیری جەنگ دوای ئەوە هات کە کەناڵی CNN راپۆرتێکی لەسەر بنەمای زانیارییەکانی کۆمپانیای "OpenAI" بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئێران مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و ناسنامەی رۆژنامەنووسیی ساختەیان بەکار هێناوە بۆ ئامادەکردنی ناوەڕۆکی سیاسی و بڵاوکردنەوەی وتار لە دەزگا راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە رەخنە لە جەنگی ئەمریکا دژ بە تاران دەگرن.