سێ سێناتۆری دیموکرات رێککەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ پووتین بە ناپاکی ناودەبەن
سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی دیموکرات، رێککەوتنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی بۆ کڕینی گازی رووسی، بە ناپاکی لە ئۆکرانیا، هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایان ناوبرد.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "ئیتر بەسە، پتر لەمە قبووڵکراو نییە. پێویستە سەرۆک کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئێران بهێنێت و پارە بۆ ئامێری جەنگی رووسیا دابین نەکات."
ئەو ئەندامانەی واژوویان کردووە بریتین لە جاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، جین شاهین، ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئیلیزابێس وارین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە لیژنەی بانکی.
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ رێگەدان بە کڕینی گازی رووسی لە بازاڕەکانی جیهاندا، یاسادانەرانی تووشی نیگەرانییەکی زۆر کرد.
مانگی رابردوو کۆنگرێس یاسایەکی پەسەند کرد و ترەمپ خۆی واژووی کرد، کە سزای توند بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت وزەی رووسیا دەکڕن، چونکە ئەو وزەیە دارایی جەنگی دژی ئۆکرانیا دابین دەکات.
لای خۆیەوە دوێنێ هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی تروس سۆشیال بڵاوی کردەوە، لەگەڵ پووتین سەرۆکیرووسیا گفتوگۆی کردووە و گفتوگۆکەی سەرکەوتوو بووە. راشیگەیاند؛ لە گفتوگۆکەدا تێیدا لێکگەیشتن لەسەر هەناردەکردنی بڕێکی زۆری سووتەمەنی بۆ بازاڕی ئەمریکا و جیهان هاتووەتە ئاراوە.
هەروا ترەمپ ئاشکرای کرد، لەگەل پووتین قسەی کردووە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن گازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دابین بکات، هاوکات بڕی 500 هەزار تۆنی دیکە لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا و راستەوخۆ دوای ئەوەش یەک ملیۆن تۆنی دیکە بنێرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی خستنەڕووی بڕی سووتەمەنییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: سەرباری ئەوەش، بەگوێرەی دۆخی پاڵاوگەکانی گازوایلی ئەو وڵاتە، رووسیا لە ماوەیەکی کورتدا سێ ملیۆن تۆنی دیکەش لە گازوایل رادەست دەکات.