بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی تورکیا قەدەخە دەکرێت
تورکیا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ئەو منداڵانە قەدەخە کرد کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە، ئامانجیش لەم بڕیارە پاراستنی گەشەی جەستەیی و دەروونیی منداڵانە.
بە گوێرەی رێنماییەکی نوێی تورکیا، مەرجی تەمەن بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیاری کراوە و لەمەودوا ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە ناتوانن هەژمار لەو تۆڕانەدا بکەنەوە.
پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئاسایشی سایبەریی سەر بە سەرۆککۆماری تورکیاوە ئامادە کراوە و ئامانج لێی پاراستنی گەشەی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی منداڵانە.
بەپێی رێنماییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەیان پێ نادرێت خزمەتگوزاری بە منداڵانی خوار ئەو تەمەنە پێشکەش بکەن.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەند دەکرێن لە کاتی دروستکردنی هەژماری نوێدا، تەمەنی بەکارهێنەر لە رێگەی سیستمی حکوومەتی ئەلیکترۆنییەوە (ئی دەوڵەت) پشتڕاست بکەنەوە. هەروەها بۆ ئەو مێرمنداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 18 ساڵە، رێکاری تایبەت دەگیرێتە بەر و هەژمارەکانیان بە شێوەیەکی خۆکارانە دەبێتە تایبەت. لە هەمان کاتدا رێکلامی ئاراستەکراویان پێشان نادرێت و رێگەیان پێ نادرێت پەخشی راستەوخۆ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا ئاماژە بەوە دراوە، دایک و باوکان دەتوانن چاودێریی هەژماری منداڵەکانیان بکەن، کاتی بەکارهێنان دیاری بکەن و بەڕێوەبردنی مامەڵە داراییەکانیان لە دەستدا بێت. ئەم رێنماییەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت پەرلەمانی تورکیا لە مانگی نیسانی ساڵی 2026ـدا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی منداڵانی پەسەند کرد، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پلاتفۆرمانە لەسەر دەروون و سەلامەتیی مێرمنداڵان.
بەپێی یاساکە، بڕیاری قەدەخەکردن و رێکخستنە نوێیەکان لە 1ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. هەرچی پەیوەندیی بەو هەژمارانەوە هەیە پێشتر دروست کراون، پێویستە تاوەکوو 31ـی ئاداری 2027 لە رێگەی سیستمی (ئی دەوڵەت)ـەوە تەمەنی خاوەنەکانیان پشتڕاست بکرێتەوە. ئەو هەژمارانەی خاوەنەکانیان لە خوار تەمەنی دیاریکراوەوە بن، دادەخرێن.
ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک و یوتیووب ئەگەر پابەندی ئەم رێنماییانە نەبن، رووبەڕووی سزای دارایی قورس و کەمکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێتەکانیان دەبنەوە.