پارێزگای دیمەشق هۆکاری لابردنی پەیکەری سەلاحەدینی ئەییووبی رووندەکاتەوە

دوای ئەوەی بڕیاری لابردنی پەیکەری فەرماندەی مێژوویی سەلاحەدینی ئەییووبی لە بەردەم قەڵای دیمەشق کاردانەوە و تووڕەییەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە، پارێزگای دیمەشق بە فەرمی هاتە دەنگ و رایگەیاند، دەستکاریکردنی پەیکەرەکە بۆ مەبەستی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەیە و دەبرێتە شوێنێکی گونجاو.

هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستپێکردنی رێکارەکانی لابردنی پەیکەری سەلاحەدینی ئەییووبی لە بەردەم قەڵای دیمەشق، بووە جێی باسوخواسێکی گەرم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران و چالاکوانان ناڕەزایەتیی توندیان دەربڕی و نیگەران بوون لەوەی دەسەڵاتدارانی شارەکە بە ئەنقەست هەوڵی پەراوێزخستن و سڕینەوەی ئەم هێما مێژووییە بدەن.

لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە لە رەخنە و ناڕەزایەتی، پارێزگای دیمەشق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی فراوانتردایە بۆ نۆژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی سیمای دەوروبەری قەڵای مێژوویی دیمەشق.

پارێزگا روونی کردووەتەوە کە پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی "هاند" (HAND) و لەسەر بنەمای راپۆرتی تەکنیکیی فەرمانگەی شوێنەواری دیمەشق ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و سیمای شارستانی و جوانکاریی ناوچەکە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکی لە گواستنەوەی پەیکەرەکە، ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوەی بەپەلەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی بەهۆی فاکتەرە جیاوازەکانەوە لە ماوەی رابردوودا بەر پەیکەرەکە کەوتوون، تا لەو رێگەیەوە بەها هونەرییەکەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

هاوکات دەسەڵاتدارانی شارەکە هەوڵیان داوە نیگەرانییەکان لەبارەی مێژووی پەیکەرەکە بڕەوێننەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم پەیکەرە هونەرییە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەو شوێنە دانراوە، و جەختیان کردەوە کە دوای تەواوبوونی چاککردنەوەکان، بۆ شوێنێکی شایستە و گونجاو دەگوازرێتەوە.