نێچیرڤان بارزانی: هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی جەختی کردەوە، داهاتووی کوردستان بە نەوت مسۆگەر نابێت بەڵکو بە توانای هزر و عەقڵی نەوەی نوێ بەدی دێت؛ داواش لە گەنجان کرد لەبری چاوەڕوانی لە دەستی حکوومەت، خۆیان دەستپێشخەر بن بۆ بنیاتنانی ئابووریی وڵات و فرەچەشنی بکەنە سەرچاوەی هێز

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە رێوڕەسمی خولی 15ـەیەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەرکی نەوەی پێشوو پاراستنی خاک و ناسنامە بووە، بەڵام ئاڵنگاریی گەورەی بەردەم نەوەی ئەمڕۆ، بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانە تا بتوانن رکابەریی جیهانی بکەن.

نێچیرڤان بارزانی بە دەرچووانی گوت: داهاتوومان تەنیا بە سامانی سروشتی دیاری ناکرێت؛ سامانی راستەقینە نەوت نییە، بەڵکوو عەقڵ، هزر و دەستپێشخەریی ئێوەیە. با یەکەم پرسیارتان ئەوە نەبێت حکوومەت چیتان پێشکەش دەکات، بەڵکوو دەبێت لە خۆتان بپرسن: من دەتوانم چی پێشکەش بکەم و چ کێشەیەک چارەسەر بکەم؟ نیشتمان بەوە گەورە نابێت چەندی لێ وەردەگریت، بەڵکوو بەوە گەورە دەبێت تا چەند بەشداری لە بنیاتنانیدا دەکەیت.

سەبارەت بە شێوازی بیرکردنەوە، گوتی: ئەمڕۆ بەدەستهێنانی زانیاری ئاسانە، بەڵام زۆریی زانیاری بە مانای قووڵیی زانین نییە. گرنگترین بەهایەک کە زانکۆ پێتان ببەخشێت ئەوەیە: خاوەنی عەقڵێکی سەربەخۆ، ئازاد و رەخنەگر بن؛ عەقڵێک کە جیاوازی لە نێوان راستی و بانگەشەدا بکات، بەبێ سانسۆر پرسیار بکات و بوێریی هەڵە راستکردنەوەی هەبێت.

لەبارەی فرەپێکهاتەیی لە عێراق و کوردستان، جەختی کردەوە: پێویست ناکات وەکوو یەک بین تا پێکەوە بژین و وڵات ئاوەدان بکەینەوە. جیاوازیی بیروبۆچوون نابێت ببێتە دابڕان؛ هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا. کوردستان و عێراق پێویستییان بە نەوەیەکە کە فرەیی بکاتە سەرچاوەی هێز و پردی گفتوگۆ نەپچڕێنێت.

سەبارەت بە دڵەڕاوکێی گەنجان بەرامبەر ئایندە و ژیریی دەستکرد گوتی: پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا وەڵامی زۆرمان پێ دەدات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی بڕیاری مرۆیی. ئەزموونی کوردستان فێری کردووین کە واقع هەرچەند سەخت بێت قەدەرێکی نەگۆڕ نییە؛ بە ئومێد، کۆڵنەدان و کارکردن دەگۆڕدرێت.

 

دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

گەورەترین ئاڵنگاری لە بەردەم نەوەی ئێمەدا، پاراستنی کوردستان، ناسنامە، خەبات لە پێناو ئازادی، بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە بوو، بەڵام ئێوە لە بەردەم چەند پرسیارێکی نوێدان؛ ئەوانیش: چۆن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر بنیات دەنێن؟ چۆن دامەزراوەکان کارا دەکەن و هەڵەکان راست دەکەنەوە؟ چۆن سوود لە تەکنۆلۆژیا وەردەگرن بەبێ ئەوەی بەها مرۆییەکان لەدەست بدەن؟ هەروەها چۆن وا دەکەن عێراق و هەرێمی کوردستان لە جیهانێکدا کە بە خێرایی دەگۆڕێت، رکابەری بکەن و بەرەو پێشەوە بچن؟

ئەو وەڵامانەی ئێوە پێشکەشی دەکەن، بەشێکی سەرەکی دەبن لە نەخشاندنی داهاتووی وڵات. ئەمڕۆ لە جیهانێکداین کە بەدەستهێنانی زانیاری تێیدا زۆر ئاسانە، بەراورد بە رابردوو کە چەندین رۆژ و مانگی دەویست، بەڵام مەرج نییە زۆریی زانیاری بە مانای قووڵیی زانین بێت؛ بۆیە گرنگ ئەوە نییە کێ زۆر دەزانێت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت چۆن بیر دەکاتەوە، چۆن جیاوازی لە نێوان راستی و بانگەشە، یان زانین و بۆچووندا بکات، و چۆن پرسیار و پشکنین بکات پێش ئەوەی بڕیار یان حوکم بدات. بە بڕوای من، ئەوە گرنگترین بەهایە کە زانکۆ دەبێت پێتان ببەخشێت؛ عەقڵێکی سەربەخۆ، ئازاد و رەخنەگر؛ عەقڵێک کە بەبێ سانسۆر پرسیار دەکات، و هاوکات بوێریی ئەوەی هەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و هەڵەکانی خۆی راست بکاتەوە.

ئەو بڕوانامەیەی ئەمڕۆ وەری دەگرن دەرگاتان بۆ دەکاتەوە، بەڵام ئەو رێگەیەتان پیشان نادات کە دەیگرنەبەر، بەڵکوو خۆتان رێگەکەتان دیاری دەکەن. با یەکەم پرسیارتان ئەوە نەبێت حکوومەت چیتان پێشکەش دەکات، بەڵکوو دەبێت لە خۆتان بپرسن: من دەتوانم چی پێشکەش بکەم؟ چ کێشەیەک چارەسەر بکەم؟ بە چ پڕۆژەیەک دەرفەت بۆ خۆم و کەسانی دیکە بڕەخسێنم؟ نیشتمان بەوە گەورە نابێت کە چەندی لێ وەردەگریت، بەڵکوو بەوە گەورە دەبێت کە تا چەند هاوبەشی لە بنیاتنانیدا دەکەیت. داهاتوومان تەنیا بە سامانی سروشتی دیاری ناکرێت؛ سامانی راستەقینە نەوت نییە، بەڵکوو سامانی راستەقینە عەقڵ، هزر و دەستپێشخەریی ئێوەیە.

پرسێکی دیکەی گرنگ کە لە زانکۆ فێری بوون و لەسەر بڕوانامەکەتان نەنووسراوە، ئەوەیە کە هەر یەک لە ئێوە لە چەندین ناوچە، شار و کولتووری جیاوازەوە هاتوون، بەڵام پێکەوە فێر بوون و کارتان کرد؛ ئەوە ئەو ئەزموونەیە کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی. پێویست ناکات وەکوو یەک بین تا پێکەوە بژین و وڵات ئاوەدان بکەینەوە، جیاوازیی بیروبۆچوون نابێت ببێتە هۆی دابڕان، هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا. عێراق و کوردستان پێویستییان بە نەوەیەکە کە فرەچەشنی بکاتە سەرچاوەی هێز و پردە بەهێزەکانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا نەپچڕێنێت؛ ئەو پردەی لێرە دروستتان کردووە، لەگەڵ خۆتان بیبەن.

دەزانم زۆر لە گەنجانی ئەمڕۆ بە نیگەرانییەوە لە داهاتوو دەڕوانن؛ بیر لە جەنگە بەردەوامەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، ئاڵنگارییەکانی تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەستکرد دەکەنەوە، ئەمەش جێگەی تێگەیشتنە؛ بەڵام وەک هەمیشە گوتوومانە، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا وەڵامی زۆرمان پێ دەدات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی بڕیاری مرۆیی.

ئەزموونی کوردستان فێری کردوون کە واقع هەرچەند سەختیش بێت، قەدەرێکی نەگۆڕ نییە. کوردستان بە ڕۆژگارێکدا تێپەڕی کە بیرکردنەوە لە قۆناخی ئێستا وەک خەیاڵ دەبینرا، بەڵام گەلەکەمان لە فێربوون و کۆڵنەدان نەوەستا؛ بۆیە داواتان لێ دەکەم واقع وەکوو خۆی ببینن، بە هەموو سەختییەکانیەوە بەردەوام بن، باوەڕتان بە تواناکانی خۆتان هەبێت بۆ گۆڕانکاری، و ئەمەش ئەو ئومێدەیە کە پێویستمان پێیەتی؛ ئومێدێک کە دەستپێشخەری، کار و بەرپرسیاریەتیی لەگەڵدا بێت. ناسنامەی خۆتان بپارێزن و لە هەمان کاتدا هزرتان بە رووی جیهاندا واڵا بکەن.»