مامۆستایەکی ناسراوی رۆژئاوای کوردستان دوای چەند رۆژ لە رفاندنی بە کوژراوی دۆزرایەوە
خێزانی مامۆستا و کەسایەتیی پەروەردەیی ناسراوی رۆژئاوای کوردستان حەسەن کەلەش، کوژرانی ناوبراویان دوای چەند رۆژ لە رفاندنی راگەیاند. رفێنەران داوای 300 هەزار دۆلاریان وەک فیدیە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا کردبوو، بەڵام سەرەنجام بە شێوەیەکی دڕندانە کۆتاییان بە ژیانی هێنا، ئەمەش کاردانەوە و نیگەرانییەکی قووڵی لە شاری گرکێ لەگێ و دەوروبەری لێکەوتەوە.
شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی خێزانی، تەرمی حەسەن کەلەش بە فەرمی ناسراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە گوندەکەی خۆی لە نێو کەسوکار و هاوڕێیانیدا بە خاک بسپێردرێت. بنەماڵەکەی جەختیان کردەوە کە کۆچی دوایی ئەو کەلێنێکی گەورە لە ژیانی پەروەردەیی و کولتووریی ناوچەکەدا دروست دەکات، بەڵام بیرەوەری و هەڵوێستەکانی لە دڵی هەوادار و قوتابییەکانیدا بە زیندوویی دەمێننەوە.
حەسەن کەلەش، کە مامۆستای وانەی فەلسەفە بوو لە ئامادەیی جەلا، ئێوارەی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی رابردوو، دەوروبەری کاتژمێر 9:30ـی شەو لە ناوەڕاستی بازاڕی گرکێ لەگێ لەلایەن گرووپێکی نەناسراوەوە رفێندرا.
سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاشکرایان کرد، رفێنەران پەیوەندییان بە کەسوکارییەوە کردبوو و داوای فیدیەیەکی خەیاڵییان بە بڕی 300 هەزار دۆلاری ئەمریکی کردبوو بۆ ئازادکردنی، بەڵام چارەنووسی بە نادیاری مابووەوە تا ئەو کاتەی هەواڵی کوشتنی بە فەرمی پشتڕاست کرایەوە.
لە 4ی ئەم مانگەدا، پێنج رێکخراوی مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای پاراستنی ژیانی و ئازادکردنی بەپەلەی ئەو مامۆستایەیان کردبوو. خوالێخۆشبوو بە یەکێک لە کەسایەتییە دیار و رێزدارەکانی کۆمەڵگە دادەنرا کە چەندین دەیە لە تەمەنی خۆی بۆ پێگەیاندنی نەوەکان تەرخان کردبوو و هیچ کێشە و دوژمنایەتییەکی کەسیی لەگەڵ کەسدا نەبوو، ئەمەش هێندەی تر قەبارەی شۆک و نیگەرانییەکەی لە لای رای گشتی گەورەتر کرد.
ئەم تاوانە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە نێو هاووڵاتییاندا دروست کردووە بەهۆی سەرهەڵدان و زیادبوونی دیاردەی رفاندن لەپێناو پارەدا. چالاکوانان و خەڵکی ناوچەکە داوای بەپەلە لە دەزگا ئەمنییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێبکەن، تاوانباران دەستگیر بکەن و رادەستی یاسایان بکەن، تا سنوورێک بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دابنرێت کە ئاسایشی هاووڵاتییان و کادیرانی پەروەردەیی خستووەتە مەترسییەوە.