ترەمپ: لەوانەیە هێرش بکەینە سەر حووسییەکان

دۆناڵد ترەمپ بە توندی هێرشی کردە سەر زێلینسکی و رایگەیاند کاتی ئەوە هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت، هاوکات ئاشکرای کرد کە لەوانەیە ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکانی سعوودیەدا بکات دژی حووسییەکان.

شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێش بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی تێنسی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەم کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیتوانی چەندین جار کۆتایی بە جەنگ بهێنێت بەڵام نەیویستووە.

گوتیشی: "ئەم جەنگە هەرگیز نەدەبوو رووبدات. زیاتر لە 30%ـی خاکی ئۆکراینا لەدەستچووە و سەدان هەزار کەس کوژراون. پێموایە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئۆکراینا سەرۆکێکی نوێی هەبێت کە بتوانێت رێککەوتن بکات."

هەروەها رەخنەی لە هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر کەرتی سووتەمەنیی دیزڵی رووسیا گرت و ئاماژەی بەوە کرد: پێمان گوتبوون دەست بۆ پاڵاوگەکان و سووتەمەنیی دیزڵ مەبەن، چونکە رووسیا بەشێکی گەورەی دیزڵی جیهان دابین دەکات و کێشە بۆ جووتیار و مەڕدارەکانی ئێمە لە ئەمریکا دروست دەکات. کەچی ئەو رۆیشت و لە پاڵاوگەکانی دا؛ بۆی نییە ئەو کارە بکات و دەبێت دەستبەجێ رایبگرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری لە گورزە سەربازییەکانی سعوودیە دەکات دژی چەکدارانی حووسی، رایگەیاند: لەوانەیە بەشداری بکەین؛ ئێمە بە وردی تاوتوێی دەکەین. تازە زانیاریمان لەسەر دوایین هێرش پێگەیشتووە و بڕیاری لەسەر دەدەین، چونکە ئێمە زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێین.

سەبارەت بەوەی کە ئایا پابەند دەبێت بە قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، بەبێ گوێدانە ئەوەی کام پارت سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، ترەمپ جەختی کردەوە، بێگومان ئەنجامەکان قبووڵ دەکەم، بەڵام نامانەوێت هیچ ساختەکارییەک لە هەڵبژاردندا رووبدات، ئێمە دەمانەوێت پرۆسەکە بە تەواوی پاک و بێگەرد بێت.