لیژنەی ئەمنیی کەرکووک هۆشداری لە بەهێزبوونەوەی داعش لە حەویجە دەدات

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، چەکدارانی داعش سێ پەلاماریان بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزە ئەمنییەکان لە سنووری قەزای حەویجە ئەنجام دا، کە بەهۆیەوە دۆخێکی ئەمنیی هەستیار لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە؛ لە کاتێکدا لیژنەی ئەمنیی کەرکووک هۆشداری لە بەهێزبوونەوەی ئەو گرووپە دەدات و داوای ناردنی هێزی زیاتر دەکات، بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکەش بە گومانەوە لەو جووڵە لەناکاوانە دەڕوانن.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، شانە نووستووەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک چالاک بوونەتەوە و سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەر و خاڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. دواهەمین هێرشیان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بوو. هەروەها لە ئەنجامی یەکێک لە هێرشەکاندا بۆ سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، کارمەندێکی ئەمنی کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون، ئەمەش دۆخێکی ئەمنیی هەستیار و نائارامی لەو سنوورەدا دروست کردووە.

ئەحمەد رەمزی کۆپرلوو، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئەو پێشێلکاری و هێرشانەی کە روودەدەن لە لایەن داعشەوەیە؛ ناوە بەناوە و هەر جارە لە شوێنێکەوە پەلامار دەدەن، لەبەر ئەوە داوامان کردووە هێزی ئەمنیی زیاتر لە سنوورەکە جێگیر بکرێت، تاوەکو ئەو مەترسییانە لەسەر ناو شاری کەرکووک و دەوروبەری نەمێنن".

بەرپرسانی ئەمنی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ رێگریکردن لە هەر سیناریۆیەکی نەخوازراو و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، پێویستە بە زووترین کات هێزی سەربازیی تۆکمەتر لەو سنوورە ستراتیژییەدا جێگیر بکرێت.

لە بەرامبەردا، بەشێک لە دانیشتووانی کەرکووک بە گومانەوە لەم دۆخە دەڕوانن و بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکەن: سەرەڕای بوونی جۆرێک لە نائارامی، بەڵام داعش توانست و پێگەیەکی ئەوتۆی لە ناوچەکەدا نەماوە تا بتوانێت بەم شێوەیە و لەخۆوە سەرهەڵبداتەوە، بەڵکو گومانی ئەوە دەکەن دەستێکی شاراوە لەپشت ئەم پەلامارانەوە بێت و بیەوێت لە پێناو مەرامی تایبەتدا جارێکی دیکە دۆسیەی داعش لە سنوورەکە زیندوو بکاتەوە.