وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی سعوودیە
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکانی چەکدارانی حووسی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی مەدەنیی سعوودیەی بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، واشنتن لە راوێژی بەردەوامدایە لەگەڵ ریاز و بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە "کوردستان24"ی راگەیاند، واشنتن بە نیگەرانییەوە لە پەلامارەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان دەڕوانێت و رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی مەدەنی سەرکۆنە دەکات، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان واشنتن و ریاز کردەوە و گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پتەوی لە تەنیشت شانشینی عەرەبستانی سعوودیە وەستاوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری حووسییەکاندا. ئێمە لە راوێژ و هەماهەنگییەکی زۆر نزیکداین لەگەڵ هاوبەشە سعوودییەکانمان و پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە دووپات دەکەینەوە."
هەر ئەمڕۆ شەممە دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە لە راگەیەندراوەکیدا ئاماژەی دا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە تەواوی گەشت و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراون.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە رایگەیاند، پەلاماردانی فڕۆکەخانەی پایتەخت لە چوارچێوەی "بەردەوامیی دەستدرێژییە ئاشکراکانە کە دامەزراوەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە شانشینی سعوودیە دەکەنە ئامانج".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون و ئێستا کار لەسەر دەستنیشانکردنی ناسنامە و سەرژمێریکردنی کۆی ژمارەی بریندارەکان دەکرێت.
دەستەی فڕۆکەوانیی سعوودیە روونی کردووەتەوە کە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان و چالاکییە کارپێکردنەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراون، تا ئەو کاتەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پشکنینی تەواو بۆ زیانەکان دەکرێت و لە سەلامەتیی هۆڵ و بەشە جیاوازەکانی فڕۆکەخانەکە دڵنیا دەبنەوە.
سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە نەخۆشخانەکانی ریاز دۆخی نائاسایی راگەیەندراوە و داوا لە پزیشکانی فریاکەوتن کراوە بەپەلە ئامادە بن. بە گوتەی سەرچاوەکە، دەیان بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان کە برینی بەشێکیان سەختە و لانیکەم پێنج کەسیان لەژێر چاودێریی چڕدان، هاوکات بینراوە زیاتر لە 12 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەرەو فڕۆکەخانەکە بەڕێکەوتوون.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سعوودیە لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا، داوای لە هاووڵاتییانی کرد بە تەواوی لە فڕۆکەخانەی ریاز و دەوروبەری دووربکەونەوە. هاوکات باڵیۆزخانەکانی ئیسپانیا، کەنەدا و ئەڵمانیا هۆشداریی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "فلایت رادار 24"، جووڵەی فڕین لە ئاسمانی ریاز بە تەواوی شێواوە؛ سەرجەم گەشتە هاتوو و رۆیشتووەکان هەڵوەشێنراونەتەوە یان ئاراستەکەیان گۆڕدراوە. هێڵە ئاسمانییەکانی وەک "کوەیت ئەیروەیز"، "قەتەر ئەیروەیز" و "ئیتیحاد" ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ پایتەختی سعوودیە ڕاگەیاند.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش فڕۆکەخانەی ریاز رووبەڕووی هێرشێکی کوشندەی حووسییەکان بووەوە کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس، لەوانە فڕۆکەوانێکی هێڵی ئاسمانیی سعوودیە.
ئەم زنجیرە هێرشانە دوای ئەوە دێن کە حووسییەکان ئاسمانی سعوودیەیان بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناساند و هۆشدارییان دایە هێڵە ئاسمانییەکان، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی حکوومەتی یەمەن بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب دەستپێکرد.