بەقایی: مەترسیی راستەقینە لە نێو سیستمی حوکمڕانیی ئەمریکادایە نەک لە دەرەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، کۆشکی سپی بۆ داپۆشینی هەڵەکانی پەنای بۆ دروستکردنی "دوژمنێکی خەیاڵی لە ئاسماندا" بردووە تا خەڵکی خۆی پێ بترسێنێت. بەقایی جەختی کردەوە، مەترسیی راستەقینە لە نێو سیستمی حوکمڕانیی ئەمریکادایە نەک لە دەرەوەی سنوورەکانیدا.
شەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەخنەی توندی لە گوتارە سیاسی و سەربازییەکانی واشنتن گرت و نووسیویەتی: بۆ ترساندنی خەڵکی خۆیان، دوژمنێکی خەیاڵی لە ئاسماندا دروست دەکەن بۆ ئەوەی سێبەر بخەنە سەر مەترسییە راستەقینەکەی سەر زەوی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، مەترسیی راستەقینە نە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکایە و نە لە ئاسمانی شارەکانی وەک "لۆس ئەنجلس" و "سان دیێگۆ"دایە، بەڵکو مەترسی لەو دەسەڵاتە حوکمڕانەدایە کە جەنگێکی نایاسایی بەسەر جیهاندا سەپاندووە و ئاشتیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەوە.
بەقایی سەرنجی خستە سەر هەڵوێستێکی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند: سەرۆکی ئەمریکا تەنانەت وێرانبوونی لۆس ئەنجلس و سان دیێگۆی وەک 'باجێکی زۆر کەم' لەقەڵەم داوە! ئەمە نموونەیەکی کلاسیکی و روونی 'سیاسەتی ترساندن'ە؛ بە جۆرێک کە خەڵک بە هەڕەشەیەکی ساختە دەترسێنن، وێرانبوونی شارەکانی خۆیان وەک نرخێکی قبووڵکراو دەناسێنن، بەمەش سەرنجی خەڵک لە مەترسییە راستەقینەکە لادەدەن."