هاوپەیمانی عەرەبی هێرشی حووسییەکان بە تاوانی جەنگ ناودەبات

گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی رایگەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی حووسییەکان، کە شەممەی رابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، بە تاوانێکی جەنگی هەژمار دەکرێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی هاوپەیمانی گوتی: ئەو هێرشە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک گەشتیار و کارمەندی فڕۆکەخانەکە. مالیکی روونیکردەوە، کردەوەکە پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بنەما نەریتییەکانە.

مالیکی کردەوەکەی بە کارێکی قێزەون و پێچەوانەی ئەخلاقیات ناوبرد. جەختیکردەوە، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە، بەو مەرجەی وەڵامدانەوەکە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بنەما نەریتییەکان بگونجێت.

لای خۆیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو هێرشە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.

بەگوێرەی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو  12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).

دەستەکە گوتیشی: 309 کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.