ترەمپ: زێلێنسکی رێککەوتنی کۆتایی پێهێنانی جەنگی ناوێت

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا خوازیاری رێککەوتنێکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دژایەتی هەر جۆرە رێککەوتنێک دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرایکرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەینیدا لەگەڵ پووتین بۆی روونبووەتەوە کە سەرۆکی رووسیا بە توندی هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر دەدات. ترەمپ گوتی: "بە هۆکارێک، زێلینسکی نایەوێت رێککەوتن بکات".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە چەند رۆژێک پێش ئێستا باس لە رێککەوتنێک لەگەڵ مۆسکۆ کراوە بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە گازی رووسی بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان. ئەم بابەتەش ناڕەزایەتییەکی توندی کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسیا کردووە دوای ئەوەی زێلێنسکی گوێی بە شەش داواکاریی ئەمریکا نەداوە سەبارەت بە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا.

ئەو هێرشانەی کیێڤ ئامانجیان کەمکردنەوەی داهاتەکانی مۆسکۆیە بەمەبەستی پەکخستنی ئاراستەی جەنگەکە.