سێنتکۆم: لەگەرووی هورمز کەشتییەکمان لەکار خست

هێزی دەریایی ئەمریکا کەشتییەکی بازرگانیی بە ئاڵای پەنەمای لە کەنداوی عومان پەکخست، ئەوەش لە وەڵامی هەوڵێکی کەشتییەکە بوو بۆ شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سەنتکۆم رایگەیاند، هێزەکانیان کەشتییەکی بازرگانییان بە ناوی ئێم ڤی ئۆشن مۆلیکا پەکخستووە، کە بە ئاڵای پەنەما دەجووڵێتەوە و بە "ئەریکا سۆن"یش ناسراوە.

سەنتکۆم روونیکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا چەکی وردپێکان لە بەشی دواوەی کەشتییەکەی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سیستەمی بزوێنەری کەشتییەکە بە تەواوی لەکار بکەوێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر تیمی سەر کەشتییەکە بکەوێت.

فەرماندەییەکە روونیکردەوە، کەشتییەکە دوای بەجێهێشتنی بەندەرێکی ئێران هەوڵی پەڕینەوەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان داوە و گوێی بە هۆشدارییە دووبارەکان نەداوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر ئێران.

هێزەکانی ئەمریکا لە 14ـی تەممووزەوە گەمارۆکەیان لەسەر سەرجەم ئەو کەشتییانە چڕکردووەتەوە کە روو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیان دەردەچن. لە ماوەی سێ مانگی جێبەجێکردنی گەمارۆکەدا، هێزەکانی ئەمریکا چوار کەشتیی بازرگانییان پەکخستووە، 135 کەشتییان ناچارکردووە رێڕەوەکەیان بگۆڕن و بگەڕێنەوە، هاوکات دە بارهەڵگری نەوتیشیان لەناوبردووە کە پەیوەندییان بە تۆڕی سێبەری سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە.

دەزگای ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رووداوەکەی کەنداوی عومانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتداران ئاگاداری بابەتەکەن و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

سەنتکۆم داوای لە سەرجەم کارمەندانی کەرتی دەریایی کرد پابەندی هۆشدارییەکانی گەمارۆکە بن، ئاگادارییە مەلەوانییەکان بخوێننەوە و لە کاتی کارکردن لە کەنداوی عومان و ناوچەکانی نزیک گەرووی هورمز، لە رێگەی کەناڵی 16ـی پەیوەندییەوە لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن. دەزگا بەریتانییەکەش داوای لە کاپتنی کەشتییەکان کرد زانیاریی نوێی ئاسایشی دەریا بەدەستبهێنن و پارێزگاری لە بەرزترین ئاستی وریایی و ئاگایی لە ژینگەی ئۆپەراسیۆنیی گۆڕاودا بکەن.