لە ریازی پایتەختی سعوودیە خوێندن کرایە ئۆنڵاین
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، قوتابخانەکانی ریاز لەدوای هێرشە خوێناوییەکەی شەممەی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی پایتەختی سعوودیە، سیستمی خوێندنیان بۆ یەک هەفتە کردە ئۆنڵاین.
ئەمرۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیامێکی ئەلیکترۆنیدا کە ئاراستەی سەرپەرشتیارانی قوتابییان کراوە و ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە: بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، سەرجەم قوتابخانەکانی ریاز لەم هەفتەیەدا پرۆسەی خوێندنیان بە شێوازی ئۆنڵاین دەبێت.
ئەم بڕیارە دووەم جارە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە ریاز دەردەکرێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو هێرشە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.
بەگوێرەی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو 12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).
دەستەکە گوتیشی: ٣٠٩ کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.