باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعوودییە هۆشداری دەداتە فەرمانبەرانی

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعوودییە دوای هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بە هیچ شێوەیەک لەو ناوچەیە نزیک نەکەونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعوودییە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەم، هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، بۆیە ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی دەکات خۆیان لەو فڕۆکەخانەیە و ناوچەکانی دەوروبەری بپارێزن.

بەپێی راگەیەنراوەکە، کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا لە سعوودییە پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت هەیە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی شا خالید، هەروەها فڕۆکەخانەکانی جەددە و دەمام. هاوکات باڵیۆزخانەکە داوا دەکات هاووڵاتییانی زۆر وریابن لە کاتی بەکارهێنانی سەرجەم فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی سعوودییە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هۆشداری دراوە، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و داخستنی ئاسمانی و پەککەوتنی هاتوچۆی گەشتیاری هەیە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان باری دەرچوونی گەشتەکانیان راستەوخۆ لەگەڵ هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکان بپشکنن.

سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان باڵیۆزخانەکە باسی لەوە کردووە، کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا بۆیان نییە تاوەکو قووڵایی 20 میل لە سنووری یەمەن نزیک ببنەوە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت هەیە بۆ گەشتکردن بۆ پارێزگاکانی جیزان و عەسیر و نەجران، هەروەها شارەکانی قەتیف و یەنبوو و تائیف.

هۆشدارییەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری ئەمنیدا تێدەپەڕێت. لە رابردوودا چەندین جار فڕۆکەخانە و دامەزراوە هەستیارەکانی سعوودییە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. 

ئەو هێرشانە کاریگەرییان خستووەتە سەر هاتوچۆی ئاسمانی و ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش وایکردووە وڵاتان و بەتایبەتی ئەمریکا بەردەوام رێوشوێنی توندی ئەمنی بۆ پاراستنی گیانی کارمەند و هاووڵاتییانیان لە سعوودییە بگرنەبەر و داوای خۆپارێزییان لێ بکەن.