دەستپاکی عێراق دەست بەسەر موڵکی بەرپرسێکدا دەگرێت

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لە دۆسیەی بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی سەڵاحەددین بەردەوامە، کە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا روونیکردەوە، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانە گەندەڵییەکان، تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی دەستەی دەستپاکی لە سەڵاحەددین پێکهێنراوە و سەردانی ماڵی تۆمەتبارەکەیان لە شارۆچکەی عەلەم کردووە.

ئەنجامی پشکنین و بەدواداچوونەکان بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی سێ دۆسیەی رەسەنی خانووبەرە کە تایبەتن بە سێ خانوو لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا. لەو بڕەشدا دوو خانوو بە ناوی هاوژینی تۆمەتبارەکە و یەکێکیان بە ناوی خۆیەوە بووە. هەروەها چوار سەنەدی خانووبەرەش بە ناوی هاوژینی تۆمەتبارەکە و برای هاوژینەکەی و یەکێک لە کوڕەکانی دەستیان بەسەردا گیراوە.

کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوو دەستەی دەستپاکی رایگەیاندبوو، بڕی 2,500,000,000 دینار لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە و شەش موڵکی وەبەرهێنانیش بە ناوی هاوژینەکەیەوە تۆمار کراون. تۆمەتبارەکە بەگوێرەی ماددەی 340ـی یاسای سزادان دەستبەسەر کراوە. ئەم رێکارەش دوای ئەوە دێت کە بە بەڵگەنامەی ساختە، چەکێکی بە بڕی 425,000,000 دینار رێکخستووە و خەرجی کردووە.