حووسییەکان هۆشداریی بە فڕۆکەخانەکانی سعوودیە دەدەن
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی گەشتیاریی ئاسمانی، شارەزایان، کارمەندان و گەشتیاران کرد تا فڕۆکەخانە و ئاسمانی سعوودیە بەکارنەهێنن. هێزە چەکدارەکانی یەمەن روونیکردەوە، ئەو شوێنانە مەترسیی ئامانجگرتنیان لەسەرە و وەک گۆڕەپانی شەڕە سەربازییەکان دەمێننەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەیاننامەیەکدا یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن،لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاندووە؛ فڕۆکەخانەکانی مەککە و مەدینە لەو هۆشدارییە بەدەرن. هێزە چەکدارەکان داوایان لە سەرجەم لایەنەکان کرد هۆشدارییەکانیان بە هەند وەربگرن و جەختیان کردەوە، سعوودیە بەرپرسیار دەبێت لە هەر هەوڵێکی بەرپەرچدانەوەی شکستخواردوو.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن دووپاتیان کردەوە، بەردەوامن لە سەپاندنی هاوکێشە راگەیەندراوەکان، لەوانەش هاوکێشەی فڕۆکەخانە بە فڕۆکەخانە، گەمارۆ بە گەمارۆ و پێکدادانی یەکلاکەرەوە بە پێکدادانی یەکلاکەرەوە، تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو هێرشە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.
بەگوێرەی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو 12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).
دەستەکە گوتیشی: 309 کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.