لیژنەی یاسایی سێ پێشنیاز بۆ مۆڵەتی فەرمانبەران تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق سێ پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکات، بەشێکی هەمواری یاساکە تایبەت دەبێت بە پرسی خانەنشینیی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت، لیژنەکەیان سەرقاڵی تاوتوێکردنی سێ پێشنیازی یاساییە بۆ ئەوەی یاسای مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران هەموار بکرێتەوە.

هەروەها ئاشکرای کرد، یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە مۆڵەتی پێنج ساڵ بە تەواوی مووچەی بنەڕەتییەوە بە فەرمانبەر بدرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم ئەگەر هەمان فەرمانبەر داوای مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە بکاتەوە، تەنیا نیوەی مووچەی بنەڕەتیی پێدەدرێت. لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکەدا هاتووە فەرمانبەر دەتوانێت داوای مۆڵەتی شەش مانگ بێ مووچە بکات.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی باسی لەوە کرد، فەرمانبەر دەتوانێت لە نیوەی مۆڵەتە پێنج ساڵییەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بکات و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی و تەواوی مووچەکەیشی پێدەدرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ماوەی مۆڵەتەکە بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار دەکرێت پاش دانەوەی بڕە پارەی خانەنشینی، لەگەڵ رێگەدان بە کارکردن لە کەرتی تایبەتدا، بەڵام بڕوانامەی خوێندن لە کاتی بەدەستهێنانیدا لە ماوەی مۆڵەتەکەدا بە فەرمی هەژمار ناکرێت.

لە کۆتاییدا دکتۆر رێبوار هادی دووپاتی کردەوە، پێشنیازەکان دەبێت لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران بن و پڕۆژەکە کۆدەنگییەکی زۆری لەسەرە و بە ئەگەری زۆرەوە دەخرێتە دەنگدانەوە.

 

رێنمایی نوێی مۆڵەتی بێ مووچە لە کوردستان

بەپێی رێنمایی ژمارە پێنجی ساڵی 2026ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیار دراوە بە پێدانی مافی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران. رێنماییەکە دەسەڵات دەداتە وەزیر و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ پێدانی ئەو مۆڵەتە لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەکەی لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێنماییەکەدا هاتووە، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت. هاوکات کارکردن بە چەندین رێنمایی ساڵانی 2015 تاوەکوو 2022 سەبارەت بەم پرسە رادەگیرێت. ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە، مامەڵەیان بەپێی رێنماییە کۆنەکان لەگەڵ دەکرێت تاوەکوو ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو دەبێت، بەڵام دواتر مافی نوێکردنەوەیان نییە.

هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەگەر کۆی ماوەکەیان دوو ساڵی پڕکردبێتەوە، مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نوێیان نابێت. وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، ئەم رێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.