پارێزگاری کەرکووک زیاتر لە 400 مووختاری دوورخستەوە

محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک بڕیاریدا 415 موختاری شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکانی سنووری پارێزگاکە لە ئەرکەکانیان دووربخاتەوە. ئەم بڕیارە نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەشێک لە موختارەکانی لێکەوتووەتەوە کە پێیان وایە دەبوو کاتی زیاتریان بۆ دیاریکرابا.

لە وەڵامی ئەو نیگەرانییانەدا، ئاڤێستا شێخ محەمەد، قایمقامی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوورخستنەوەی ئەو موختارانە رێکارێکی کارگێڕییە و بەگوێرەی ماددەی 7ـی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2011 جێبەجێکراوە. بەپێی ئەو یاسایە، هەر موختارێک تەمەنی بگاتە 65 ساڵ، دەست لەکاردەکێشێتەوە و کەسێکی دیکە بەگوێرەی مەرجەکان لە شوێنی هەڵدەبژێردرێت.

قایمقامی کەرکووک روونیکردەوە، ئەو موختارانە خاوەنی مووچەی تایبەت بوون، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیان، هاوکارییە داراییەکانیان دەبڕدرێت. سەبارەت بە داهاتووی ئەو هاوکارییە داراییانە، ئەو بەرپرسە روونیکردەوە هێشتا بە روونی دیار نییە ئاخۆ موختارەکان دوای لەکارلابردنیان هاوکاریی دارایی دەکرێن یان نا، چونکە ئەو بابەتە پێویستی بە رێکخستنەوەی یاسایی هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، موختارەکانی کەرکووک پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و داوای خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانیان دەکەن. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوورخستنەوەی موختاری شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکان هەنگاوی یەکەمە و لە قۆناغی داهاتوودا موختاری گەڕەکانیش لە ئەرکەکانیان دوور دەخرێنەوە.

لەبارەی مافی بەشداریکردنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، یاسای تایبەت بە دانان و لابردنی موختارەکان دیاریکردووە، هەر موختارێک تەمەنی بگاتە 65 ساڵ و لە ئەرکەکەی دوورخرابێتەوە، دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە. مەرجی سەرەکی بۆ ئەو مەبەستە بریتییە لە بەدەستهێنانی متمانە و دەنگدان لەسەر بەربژێربوونەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.