عێراق هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز ئیدانە دەکات

حکوومەتی عێراق ئەو هێرشەی بە توندی ئیدانەکرد کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، پایتەختی سعوودیە. هێرشەکە بووە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی مەدەنی و زیانی مادی، بەغداش ئەم کارە بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبینێت.

حکوومەتی عێراق نیگەرانی و رەتکردنەوەی خۆی بۆ هەر پەرەسەندنێکی سەربازی و دەستدرێژی دەربڕی، بەتایبەت ئەو هێرشانەی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو کردەوانە دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاشتیی ناوچەکە جێدەهێڵن.

بەغدا داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ راگرتنی سەرجەم کارە سەربازییەکان. ئامانج لەم داواکارییە دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی و رێگریکردن لە هەر زیانێکە کە بەر دامەزراوە مەدەنییەکان دەکەوێت.

حکوومەتی عێراق دووپاتیکردەوە کە هەمیشە پشتیوانی لە گفتوگۆ و تێگەیشتن دەکات وەک جێگرەوەیەک بۆ هەر کارێکی سەربازی یان توندوتیژ، لەپێناو پێشخستنی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی گەلانی ناوچەکە. هاوکات جەختیکردەوە لەسەر پاراستنی ئازادیی گەشتە دەریایی و ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا و پێشخستنی بەرژەوەندییە ئابووری و گەشەپێدانە گشتگیرەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو هێرشە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.

بەگوێرەی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو  12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).

دەستەکە گوتیشی: 309 کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.

هەروا ئەمە لە کاتێکدا بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سعوودییە بکات و بڕیارە لەم سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بکەن.