پزیشکیان: ئەگەر گەمارۆی خۆمان نەدەین، دوژمن ناتوانێت لەنێومان ببات
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران قەبارەی قەیرانی سووتەمەنی لە وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و داوای هاوکاریی لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت "ئەگەر کۆنترۆڵی دۆخەکەی نەکەین، ناچارین بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دابخەین"؛ هاوکات رەخنەش لە ناکۆکییەکانی ناوخۆ دەگرێت" و دەڵێت: "ئەگەر خۆمان گەمارۆی خۆمان نەدەین و بەرهرەمەند و بە تواناکانمان پەراوێزنەخەین، دوژمن ناتوانێت لەنێومان ببات یان چۆکمان پێ دابدات".
پزیشکیان ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت و کاربەدەستان و کەسایەتییەکانی تاران، باسی لە فشارە دەرەکییەکان و دۆخی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی کردووە، لە قسەکانیدا رایگەیاند "دوژمن پێی وابوو ئەگەر هێرشمان بکاتە سەر، وڵاتەکەمان لێک هەڵدەوەشێت، بەڵام نەک هەر وا نەبوو، بەڵکو ئەمڕۆ هەموومان بە هێزەوە وەستاوین و بە هێزیشەوە بەردەوام دەبین."
پزیشکیان ناڕاستەوخۆ رەخنە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان گرت و گوتی "ئەگەر خۆمان گەمارۆی خۆمان نەدەین و خەڵک پەراوێز نەخەین، دوژمن ناتوانێت لەنێومان ببات یان چۆکمان پێ دابدات، بۆیە دەبێت زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەرکەوتنی بەهرە و توانای هەموو گەنجانی وڵات بڕەخسێنین."
گوتیشی: "ئەگەر دەست بخەینە دەستی یەکتر، هیچ هێزێک ناتوانێت پشتمان لە زەوی بدات، دوژمن پێی وابوو بە کوشتنی رێبەر، فەرماندەکان، زانایان و گەورە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی دەتوانێت چۆکمان پێ دابدات؛ بەڵام ئەگەر لەسەر بنەمای تەبایی کار بکەین و لە سیاسەتی یەکتر سڕینەوە و شکاندن دوور بکەوینەوە، دوژمن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکست دەهێنێت."
سەرۆککۆمار بە ئاماژەدان بە کێشەکانی ئاو، خاک و قەیرانە ژینگەییەکانی دیکەی تاران، رەخنەی لە قەرەباڵغی و بارگرانیی لەڕادەبەدەری سەر ئەم شارە و پارێزگاکە گرت و گوتی "ئەگەر بەم رەوتەی ئێستا بەردەوام بین، کێشەکانی تاران رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن و چارەسەرکردنیان مەحاڵتر دەبێت. ئەرکی ئێمەیە کە دروست بڕیار بدەین و دروست کار بکەین؛ ئەگەرنا، قەرزاری نەوەکانی داهاتوو دەبین."
پزیشکیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کەمی کارەبا، گاز و سووتەمەنییەکانی دیکە داوای هاوکاریی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد و ئاشکرای کرد، ئەگەر نەتوانن بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بن و کۆنترۆڵی کورتهێنانەکان بکەن، ناچارن بەشێک لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکوومەت دابخەین. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی کەسایەتییەکانی تاران کرد بە بە هێزییەوە بمێننەوە و وڵاتەکەیان بیات بنێنەوە.