لە فەرەنسا کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا سەریان هەڵدایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، تەندروستی گشتیی فەرەنسا رایگەیاند، ئاماژەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتە گوماناوییەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندن هاوکاتە و کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی پاییزەش نزیک بووەتەوە.

بەپێی داتا تەندروستییەکانی فەرەنسا، لە 21 تا 27ـی ئەیلوولدا، حاڵەتە گوماناوییەکانی تووشبوون بە کۆڤید-19 لە بەشەکانی فریاکەوتندا لە یەک هەفتەدا 22%ـی بەرزبووەتەوە، کە 114 حاڵەت دەکات. هەروەها تۆڕی ‘SOS Médecins’ ئاشکرایکرد، 19% لە راوێژکارییە پەیوەندیدارەکان بە ڤایرۆسەکەوە زیادی کردووە.

جگە لەوانە، پشکنینەکان بەرزبوونەوەی ئاستی ڤایرۆسەکەیان لە ئاوی پیسدا دەرخستووە، لە هەمان کاتدا، راوێژکارییەکان سەبارەت بە نیشانەکانی ئەنفلۆنزا لای پێگەیشتووان 26% و حاڵەتەکانی هەوکردنی بۆریچکەکانی هەوا لای منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵ 12% زیادیان کردووە.

سەرباری ئەم ئامارانە، دەسەڵاتدارانی تەندروستی جەختیان لەوە کردەوە، چالاکیی ئێستای ڤایرۆسەکە هێشتا لە ئاستێکی نزیکدایە لەو ئاستەی ساڵانی پێشوو تۆمار کراوە، ئەوان گرنگیی کوتانیان بۆ سنووردارکردنی شێوازە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە دووپات کردەوە، بەتایبەت لای ئەو توێژانەی زیاتر بەرەوڕووی ئاڵۆزییە تەندروستییەکان دەبنەوە.

هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا لە زۆربەی ناوچەکانی فەرەنسا لە 13ـی تشرینی یەکەم دەست پێدەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی خۆئامادەکردن بۆ وەرزی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە هەناسەییەکاندا.