رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە تورکیا 38 قوربانی لێکەوتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، رووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای مانیسای تورکیا روویدا و نزیکەی 40 کەس بوونە قوربانی.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:11 خولەک، لە دەروازەی رێگا سەرەکییەکەی ئاکهیسار لە پارێزگای مانیسا، پاسێکی گەشتیاری و بارهەڵگرێک پێکیاندادا، کە پاسەکە لە بورساوە بەرەو ئیزمیر دەچوو.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو پێکدادانەوە 11 کەس گیانیان لەدەست دا و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها پارێزگای مانیسا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس دەستبەجێ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
راشیگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییە زیانبەرکەوتووەکان دەستپێکرد و بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کرد و تا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.