قوتابییانی باکووری کوردستان کتێبی وانەی کوردییان دەستناکەوێت

زیاتر لە 86 هەزار قوتابی لە باکووری کوردستان و تورکیا وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کتێبەکانیان پێنەگەیشتووە و گرفتی کەمیی مامۆستاشیان بۆ دروست بووە.

هودایی مۆرسومبول، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون بۆ وانەی بژاردەی کوردی لە لقی دیاربەکری سەندیکای (مەمور-سەن) رایگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردە بەرپرسە لە چاپکردن و گەیاندنی کتێبەکان بۆ قوتابییان، خەمخۆریی پێویستی بۆ ئەم بابەتە نیشان نەداوە. هەموو کتێبەکانی دیکە بێبەرانبەر و بە تەواوی گەیشتوونەتە دەست قوتابییان، بەڵام قوتابییانی وانەی کوردی ناچار کراون لەسەر ئەرکی خۆیان وێنەی (فۆتۆکۆپی) بۆ کتێبەکان بگرن.

مۆرسومبول ئاشکرای کرد، ئێستا لە 16 پارێزگا و لە 321 قوتابخانەدا، 86 هەزار و 64 قوتابی بەهۆی نەگەیشتنی کتێبی وانەی کوردییەوە تووشی گرفت و ئاستەنگ بوون.

سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بەوە دا، دوای پەیوەندیکردنیان بە بەشی دابەشکردنی کتێب لە وەزارەت، پێیان راگەیەنراوە کێشە لە خوێندنەوەی بارکۆدی کتێبەکاندا هەبووە. بەڵام مۆرسومبول جەختی کردەوە، لە هەردوو هەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی خوێندندا کێشەی بارکۆدی تەواوی کتێبەکانی دیکە چارەسەر کراوە و گەیەنراونەتە شارەکان، بەڵام چوار هەفتەیە کتێبی وانەی کوردی نەنێردراوە.

سەبارەت بە ژمارەی مامۆستایانیش، مۆرسومبول هۆشداری دا لە کەمیی مامۆستا و باسی لەوە کرد، پێویست بوو بەپێی پێوەرەکان بە لەبەرچاوگرتنی یەک مامۆستا بۆ هەر 250 قوتابییەک، 344 مامۆستای وانەی کوردی دابمەزرێنرێن، بەڵام تەنیا 153 مامۆستا لە 16 پارێزگا و 321 قوتابخانەدا لەسەر کارن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەر مامۆستایەک لە دوو تاوەکو سێ قوتابخانەی جیاوازدا وانە بڵێتەوە.

پرسی وانەی بژاردەی کوردی لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012، کاتێک حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی پاکێجێکی گۆڕانکاریدا بڕیاری دا وانەی زمان و شێوەزارە زیندووەکان لە قۆناخی ناوەندی (پۆلەکانی پێنج تاوەکو هەشت) بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە. لەو کاتەوە، ساڵانە هەڵمەتێکی فراوان لەلایەن پارتە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی زمانەوە بۆ هاندانی خێزانە کوردەکان بەڕێوەدەچێت تاوەکو ئەو وانەیە بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن و زمانەکەیان بپارێزن. 

بەڵام پرۆسەکە بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگی سیستماتیک دەبێتەوە. زۆرجار بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان بە بیانووی نەبوونی مامۆستا یان کەمیی خواستی قوتابییان، رێگری لە کردنەوەی پۆلی کوردی دەکەن. هەروەها ساڵانە رێژەیەکی زۆر کەم لە دەرچووانی بەشی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆکانی تورکیا بۆ وانەگوتنەوە دادەمەزرێنرێن، ئەمەش وایکردووە کێشەی کەمیی مامۆستای تایبەت بە وانەکە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە و لە کاتی دابەشکردنی کتێبەکانیشدا پەراوێز بخرێن.