هەولێر و ھێلسینکی جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، بیروڕایان لە بارەی پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئاڵوگۆڕ کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئانتی پوتکۆنین باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد.
بە پێی راگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فینلاند کردەوە.
هەروەها بیروڕایان لە بارەی پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئاڵوگۆڕ کرد.
چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گرنگیی رێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2027 بە پێی رێژەی 14%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامی فەرمی پەسەندکراوی سەرژمێری 2024ـە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.
