دوای بەدواداچوونی کوردستان24؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان نرخی بەنزین لە هەولێر رێکدەخەنەوە

لە ئەنجامی بەدواداچوونێکی کوردستان24 سەبارەت بە جیاوازیی بەرچاوی نێوان نرخی بۆرسە و بەنزینخانەکان و قازانجی زۆری بەشێک لە خاوەن بەنزینخانەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و کۆمەڵەی بەنزینخانەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا بە مەبەستی رێکخستنەوەی نرخەکان و توندکردنەوەی سزاکان.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای ئەوەی کوردستان24 لە چەند بەرنامە و بەدواداچوونێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی بەنزین لە بۆرسە و نرخی فرۆشتنی لە بەنزینخانەکاندا هەیە بە جۆرێک لە هەندێک جۆری بەنزیندا قازانجی یەک لیتر گەیشتووەتە 300 بۆ 400 دینار، دەستبەجێ لایەنە فەرمییەکان بەدەم بابەتەکەوە هاتن و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان، نوێنەری لێژنەکانی پشکنین و سەرۆکی کۆمەڵەی بەنزینخانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو.

جەنگی مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی بەنزینخانەکانی هەولێر، لە پەیوەندییەکی راستەوخۆدا لەگەڵ کۆڤان عیزەت لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00، پشتڕاستی کردەوە کە لەسەر بنەمای ئەو بەدواداچوون و پرسیارانەی لە کەناڵەکە ورووژێنران، ئێستا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە کۆبوونەوەدان و گوتی: ئێمە پارێزگاری هەولێریشمان لە تەواوی وردەکارییەکان و کێشەی جیاوازیی نرخەکان ئاگادار کردووەتەوە. کار لەسەر ئەوە دەکەین کە رێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزینەوە تا ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان بۆرسە و بەنزینخانەکاندا هەیە نەمێنێت و نرخەکان لە یەکتری نزیک ببنەوە.

خاوەن بەنزینخانەکان جیاوازیی نرخەکانیان بۆ جیاوازیی کوالێتی و رێژەی ئۆکتان و ئەو ماددانە وەک MTBE گەڕاندووەتەوە کە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی بەکاری دەهێنن، بەڵام جەختیان کردەوە، نابێت ئەمە ببێتە هۆی بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان.

هاوکات سالار محەمەد، لێپرسراوی لێژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە میانەی بەدواداچوونەکەی کوردستان24دا رایگەیاند، تیمەکانیان شەو و رۆژ لە مەیداندان و لە تەواوی بەنزینخانەکان نموونە (سامپڵ) وەردەگرن بۆ پشکنینی تاقیگەیی حکوومی.

هۆشداریی دایە سەرپێچیکاران و گوتی: هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی لە رێنماییەکان و ئەو نرخە بکات کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دیاری دەکرێت، یان کوالیتییەکەی لە پشکنیندا دەرنەچێت، دەستبەجێ دادەخرێت و سزای دارایی قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت. لە رابردووشدا بەهۆی ئەم جۆرە سەرپێچییانەوە بەنزینخانە هەبووە بە بڕی 10 ملیۆن دینار غەرامە کراوە و بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ مۆڵەتی کارکردنی لێ وەرگیراوەتەوە.

لە کۆتایی بەدواداچوونەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی میکانیزمێکی نوێ و پێشنیازێکی هاوبەش ئامادە بکەن و بیخەنە بەردەم پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بۆ ئەوەی نرخێکی گونجاو و دادپەروەرانە بەپێی کوالێتی بۆ بەنزینی موحەسەن و سووپەر دیاری بکرێت و بازاڕ لە گرانی و قۆرخکاری بپارێزرێت.