بێسێنت: ئێران گەورەترین دۆڕاوی قەیرانی هورمزە
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، تاران "گەورەترین دۆڕاوی دۆخەکەیە" دوای ئەوەی پیلانەکانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز و دروستکردنی قەیرانی سووتەمەنی بە تەواوی شکستیان هێنا. هاوکات جەختی کردەوە هەر لێکتێگەیشتن یان رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، لە کاتێکدا ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی یەکجارەکی دەچێت.
یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "فۆکس ئەند فرێندز" لە کەناڵی فۆکس نیوز، سەرنجی خستە سەر شکستی ستراتیژیی ئێران لە کەنداو و گوتی: با بە تەواوی روون بین؛ گەورەترین دۆڕاو لەم کێشمەکێشەدا ئێرانە. ئەوان هەوڵیان دا گەرووی هورمز بکەنە خاڵێکی گوشار و بیخنکێنن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر؛ هەروەها هەوڵیان دا نرخی دیزڵ لە جیهاندا بەرز بکەنەوە، بەڵام لەوێشدا هیچیان دەستنەکەوت و بە دەستبەتاڵی دەرچوون."
بێسێنت ئاماژەی بە قەیرانی سەختی دارایی تاران کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران تەنانەت لە توانایاندا نەماوە مووچەی سەربازەکانیان بدەن: "ئێران لەژێر بارێکی قورسی داڕماندایە. بەردەوامبوونی ئەم گەمارۆیە بۆ ماوەی دوو تا چوار مانگی دیکە ئێران دەهێنێتە سەر ئەژنۆ. کەس نازانێت کۆتایی ئەم دۆخە چی دەبێت؛ رەنگە تاران وەک 'دیواری بەرلین' بە شەو و رۆژێک لەپڕ بڕووخێت، جا چ لە رێگەی راپەڕینی خەڵکەوە بێت، یان بەریەککەوتنی باڵەکانی نێو سوپای پاسداران، یاخود بە ناچاری بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن."
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر تاران، وەزیری گەنجینە قسەکانی دۆناڵد ترەمپی دووپاتکردەوە و گوتی، چاوەڕوان ناکرێت هیچ هەنگاوێکی سەربازیی گەورە یان رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئێراندا تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم بێتە ئاراوە.
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راشیگەیاند: ئێستا هیچ نەوتێکی ئێران لەسەر ئاو نەماوە و هەناردەکەیان گەیشتووەتە سفر؛ تەنانەت داهاتی کاشی نەوتیان بووەتە نەرێنی. هاوکات تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانمان بۆ جیهان بڕیوە و لە دەرەوە دابڕاون."
بێسێنت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم گەمارۆیانە راستەوخۆ دەستەبژێری دەسەڵاتداری تاران دەپێکێت و بە تەنزەوە گوتی: "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران هێندە وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، پیرۆزیان بێت، دەبێت هەر لەوێ بمێننەوە. ئەم هەنگاوە دەستەبژێری دەسەڵاتدار ئیفلیج دەکات؛ ئیتر ناتوانن بۆ بینینی کەسوکاریان سەردانی لەندەن بکەن، ناتوانن کات لە پاریس بەسەرببەن و دەستیان ناگاتەوە بەو پارانەی لە سویسرا هەیانبوو. ئەوان بە تەواوی لە جیهان دابڕێنراون."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئابووریی ناوخۆی ئێران لە لێواری تەقینەوەدایە، کرێکاران ناچنە سەر کارەکانیان و تاران بەهۆی نەبوونی دۆلارەوە دەستی کردووە بە چاپکردنی بێسەروبەری دراو: تەنیا 18 مانگ لەمەوبەر، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی 600 هەزار ریاڵ بوو، کەچی ئێستا بەهای دراوەکەیان داڕماوە بۆ 2.8 ملیۆن ریاڵ بەرامبەر یەک دۆلار, ئەم داڕمانە وایکردووە تەنانەت ناتوانن مووچەی سەرباز و هێزە چەکدارەکانیشیان دابین بکەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، بێسێنت وەڵامی ناڕەزایەتیی ئەوروپییەکانی دایەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر دیزڵی رووسیا لەلایەن ترەمپەوە بۆ دابەزاندنی نرخەکان لە بازاڕدا و گوتی: رەخنەی ئەوروپییەکان جێگەی پێکەنینە؛ ئەوان ساڵانێکی زۆرە نەوت و گازی رووسیا دەکڕن و لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا هێندەی پارەیان داوەتە مۆسکۆ، هێندە هاوکاریی ئۆکراینایان نەکردووە. کەواتە هێرشەکانی ئەوان بۆ سەر هەوڵەکانی ئێمە بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانمان، دووفاقییەکی تەواوە.