سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فینلاند جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دەکەنەوە

باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، هێمای بە رۆڵی سەرەكی و كاریگەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر دا و، جەختیشی لەوە كردەوە، بە لای وڵاتەكەیەوە بوونی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز یارمەتیدەرە بۆ بەهێزتربوونی عێراق لە دابینكردنی سەقامگیری و بووژانەوە.

رۆژی یەكشەممە 11ـی تشرینی یەكەمی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پیرمام، پێشوازی لە ئانتی پوتكۆنین، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی گرژی و ئاڵۆزی و پێشهاتەكانی ئەم دواییە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرد و، جەختیان لە پێویستیی باڵادەستبوونی دیالۆگ و شێوازی ئاشتییانە بۆ چارەكردنی كێشە ناوچەیی و جیهانییەكان كردەوە.

لە بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هەماهەنگیی نێوانیان كرا، هەروەها رۆشنایی خرایە سەر تێپەڕاندنی ئاستەنگ، ئاڵنگارییەكان و چارەكردنی كێشەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و رەچاوكردنی پرەنسیپەكانی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان).

هەڕەشەی تیرۆر و رۆڵی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆریستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون و، سەرۆك بارزانی سوپاسی رۆڵی فینلاند و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

لای خۆیەوە باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، هێمای بە رۆڵی سەرەكی و كاریگەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر دا و، جەختیشی لەوە كردەوە، بە لای وڵاتەكەیەوە بوونی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز یارمەتیدەرە بۆ بەهێزتربوونی عێراق لە دابینكردنی سەقامگیری و بووژانەوە.