زێلێنسکی: ئەم راگەیاندنەی ترەمپ بۆ من هەواڵێکی تازە بوو

سەرۆکی ئۆکرانیا: دیاریکردنی سەرۆک تەنیا مافی گەلی ئۆکرانیایە نەک کەسی تر

لە وەڵامێکی دۆناڵد ترەمپ کە داوای گۆڕینی کردبوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند، ئەگەر ترەمپ بەڕاستی دەیەوێت سەرۆکی نوێ بۆ ئۆکرانیا هەڵبژێردرێت، با داوا لە پووتین بکات بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاگربەستێکی تەواوەتی رابگەیەنێت تا بتوانن هەڵبژاردن بکەن. زێلێنسکی جەختیشی کردەوە، دیاریکردنی سەرۆک تەنیا مافی گەلی ئۆکرانیایە.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی (This Week)ـی کەناڵی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی، وەڵامی هێرشەکانی دۆناڵد ترەمپ و رەخنەکانی ئیلۆن مەسکی دایەوە

سەبارەت بە لێدوانەکەی ترەمپ کە گوتبووی "کاتی هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت"، زێلێنسکی گوتی: دەزانم ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا زۆر دەیەوێت سەرۆکی ئۆکرانیا بگۆڕێت و لەوە تێدەگەم. لەگەڵ تەواوی رێزم بۆ ترەمپ، بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی هەر سەرکردەیەک تەنیا مافی گەلی ئۆکرانیایە، نەک کەسی تر. بەڵام ئەگەر ترەمپ بەڕاستی گۆڕانکاریی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەوێت، با بە پووتین بڵێت: دوو مانگ، واتا 60 رۆژ، ئاگربەستی تەواوەتیمان پێبدات، ئێمەش هەڵبژاردن رێکدەخەین و بۆ هەر بڕیارێکی گەلەکەمان ئامادەین."

کاتێک پێشکەشکارەکە پرسیاری لێکرد کە بۆچی ترەمپ و ئیلۆن مەسک تاوانی بەردەوامیی شەڕ دەخەنە ئەستۆی ئەو و دەڵێن "زێلێنسکی سنووری بەزاندووە"، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: "لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسانە کلیلێکیان دەستناکەوێت بۆ راگرتنی پووتین؛ بۆ ئەوان زۆر ئاسانترە گوشار بخەنە سەر ئێمە و کەسانی دیکە، نەک بەرەنگاری پووتین ببنەوە."

زێلێنسکی بە توندی رەخنەی لەو تۆمەتانە گرت کە گوایە هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا نرخی دیزڵی لە جیهاندا بەرزکردووەتەوە و روونی کردەوە: "بۆ ئەوان ئاسانە باسی نرخەکان بکەن و بیبەستنەوە بە ئۆکرانیاوە! لە کاتێکدا هەموو جیهان تێدەگات کە نرخی سووتەمەنی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی گەرووی هورمزەوە بەرزبووەتەوە. دەبێت راستییەکان بە خەڵک بگوترێت و یاری بە هەستی هاووڵاتییان نەکرێت."

سەبارەت بە پرسی ئاگربەست لە کەرتی وزەدا کە لەلایەن ترەمپەوە راگەیەندرا، زێلێنسکی جەختی کردەوە: هەنگاوی یەکەم ئاگربەستی وزەیە؛ ئەگەر ئەوان ئەوەیان دەوێت، ئێمە ئامادەین. پەلاماری ئێمە مەدەن و منداڵەکانمان مەکوژن، ئێمەش هێرشکردنە سەر سووتەمەنی و دیزڵی ئێوە رادەگرین. ئەمە مامەڵەیەکی تەواو دادپەروەرانەیە، بەڵام ئازادی، سەربەخۆیی و خاکی ئۆکرانیا ئەو شتانەن کە هەرگیز سازشیان لەسەر ناکەین."

هەروەها زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی دیکە دا بە ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس" (Axios)، گوتی: ئەم راگەیاندنەی ترەمپ بۆ من هەواڵێکی تازە بوو. بەڵام ئەگەر رووسەکان لەسەر ئاگربەستی کەرتی وزە رازی بن، ئۆکرانیاش بە دڵنیاییەوە رازی دەبێت."

زێلینسکی لە درێژەی قسەکانیدا رووی دەمی کردە سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "ئەگەر سەرۆک ترەمپ لەگەڵ پووتین دانوستانی لەسەر ئەم بابەتە کردووە و رێککەوتوون، تکایە با پێمان بڵێت کەی ئاگربەستەکە بە فەرمی دەستپێدەکات؟ ئێمە بە تەواوی ئامادەین و پێشوازیی لێدەکەین."

هاوکات ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەم ساتەوە "ئاگربەستی کەرتی وزە" لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەردوو وڵات ڕەزامەندییان دەربڕیوە، هاوکات هۆشداریی توندیشی دا کە نابێت ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت.

هەروەها دوێنێ شەممە ترەمپ،  لە بەردەم کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاندبوو، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیتوانی چەندین جار کۆتایی بە جەنگ بهێنێت بەڵام نەیویستووە. گوتیشی: "ئەم جەنگە هەرگیز نەدەبوو رووبدات. زیاتر لە 30%ـی خاکی ئۆکراینا لەدەستچووە و سەدان هەزار کەس کوژراون. پێموایە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئۆکراینا سەرۆکێکی نوێی هەبێت کە بتوانێت رێککەوتن بکات."

راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، پێشهاتێکی دیپلۆماسیی یەکلاکەرەوە دەبێت لە بەرەبەری وەرزی زستاندا تا شارەکانی ئۆکرانیا لە بێکارەبایی و بێسووتەمەنی رزگار بکات. بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئایا کرێملین بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر ئەم ئاگربەستە دەربڕیوە یان نا، چونکە مانگی ڕابردووش ترەمپ ڕاگەیاندنێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە بێ ئەوەی هیچ کام لە مۆسکۆ و کیێڤ پشتڕاستی بکەنەوە و شەڕەکەش وەک خۆی بەردەوام بوو.