رەزایی: ئەمریکا وەڵامی مەرجەکانی ئێمەی داوەتەوە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە رێگەی سێ وڵاتەوە وەڵامی مەرجەکانی تارانی داوەتەوە بەڵام بە ناتەواوی دەزانن. هاوکات لە هەڕەشەیەکی نوێدا بۆ سەر واشنتن رایگەیاند، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕدا، کەیبڵە دەریاییەکان، سەنتەرەکانی داتا، دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد و پێگە بەنرخەکانی ئەمریکا لە ئیمارات وێران دەکەن

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی دا، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا واشنتن لە رێگەی سێ وڵاتی نێوەندگیرەوە عێراق، قەتەر و پاکستان داوای دەستپێشخەری و پێشنیازی لە تاران کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان.

رەزایی ئاشکرای کرد، ئێران دوو هەفتە لەمەوبەر حەوت مەرجی دیاریکراوی رادەستی ئەمریکا کردووە و جەختی کردووەتەوە تا ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا ناکرێتەوە. ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا وەڵامی مەرجەکانی داوەتەوە و هەندێکیانی قبووڵ کردووە، بەڵام تاران وەڵامەکە بە ناڕوون و ناتەواو دەزانێت و دەبێت واشنتن گەرەنتیی زیاتر بدات.

سەبارەت بە گەرووی هورمز گوتی: "بەبێ بەڕێوەبردنی ئێران، کەنداو پارێزراو نابێت. کۆنترۆڵکردنی هورمز سەروەتێکی نیشتمانیی مەزنە و تەنیا بە مانای داخستنی رێڕەوەکە و وەرگرتنی باجی گومرگی نایەت، بەڵکو گەورەترین دەستکەوتی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی بۆ ئێران مسۆگەر دەکات."

لە گۆڕانکارییەکی مەترسیداری سەربازیدا، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران هۆشداریی دا لە فراوانکردنی بازنەی جەنگ بۆ سەر ژێرخانی دیجیتاڵی و تەکنۆلۆژیای ناوچەکە و گوتی: ئەگەر شەڕێکی نوێ هەڵگیرسێتەوە، زۆرێک لە کەیبڵەکان، سەنتەرەکانی داتا، دامەزراوەکانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد (AI) و پێگە هاوشێوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا بە تەواوی لەناودەبرێن. ئەمریکا لە ئیمارات و نزیک گەرووی هورمز چەندین پێگەی یەکجار بەنرخی هەیە کە تا ئێستا نەمان کردووەتە ئامانج، بەڵام لە جەنگێکی تردا پلانێکی زۆر فراوانترمان بۆ لێدانیان دەبێت."

رەزایی لە پەیامێکی راستەوخۆدا بۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە مێژووی وڵاتەکەی کرد و گوتی: هێزگەلێکی زۆر لەوە گەورەتر لە درێژایی مێژوودا هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی گەلی ئێرانیان دا، بەڵام ناوی ئەوان لە مێژوودا سڕایەوە و ئێرانییەکان بە سەربەرزی مانەوە. بە روونی پێتان دەڵێم: هەرچەندە زیاتر دژایەتیی ئێران بکەن، هێندە زیاتر لە نێو زۆنگاوەکەدا رۆدەچن و ناچار دەبن لە بەرامبەر گەلی ئێراندا چۆک دابدەن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، رەزایی باسی لە وەڵامدانەوەی سزاکانی واشنتن کرد و ئاشکرای کرد، تاران تاوتوێی دروستکردنی "ئەنجوومەنی جەنگی ئابووری" دەکات، و هۆشداریی دایە کۆشکی سپی: ئەم ئەنجوومەنە پێکدەهێنین و بە دۆناڵد ترەمپ و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە نیشان دەدەین کە جەنگی ئابووری لە راستیدا مانای چییە و ئەوان لەم شەڕەدا لە کوێی هاوکێشەکەدا رادەوەستن.