یەحیا سەریع: چوار ئۆپەراسیۆنی گەورەمان لە قوڵایی خاکی سعوودیە ئەنجامدا

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە میانی چوار ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا بە مووشەکی بالیستی، کروز و درۆن، فڕۆکەخانەکانی ریاز و دەمام، شانبەشانی دوو دامەزراوەی نەوت و گازی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە قوڵایی خاکی سعوودیە کردووەتە ئامانج. حووسییەکان هاوکات هۆشدارییان دایە سەرجەم کۆمپانیا و گەشتیارانی بیانی کە ئاسمانی سعوودیە نائارامە و لێی دووربکەونەوە.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ 124 هێرشی ئاسمانیی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بۆ سەر شارەکانی یەمەن، چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەیان لە ناوخۆی سعوودیە ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، لە سێ قۆناخی یەکبەدوایەکدا کراوەتە ئامانج، کە بە گوتەی ئەوان بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان و داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەکە؛ هەروەها کۆمەڵگەی گازی شەدقەمی سەر بە ئارامکۆ، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە بە وردی پێکراوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکە کەوتووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پاڵاوگەی نەوتی تەناجیبی ئارامکۆ، لە ناوچەی ڕۆژهەڵات بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج و گڕی گرتووە. هاوکات، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا فەهد لە دەمام، هێرشێکی راستەوخۆی کراوەتە سەر و جووڵەی فڕینی تێدا پەکخراوە.

جگە لە هێرشەکانی سەر قوڵایی خاکی سعوودیە، یەحیا سەریع ئاشکرای کرد، بە شەش مووشەکی بالیستی و دوو درۆن، پێگەی کۆبوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەر بە سعوودیەیان لە ناوچەکانی رەئس عارە و ساقیە لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب بۆردوومان کردووە و ئیدیعای ئەوەی کرد کە دەیان سەرباز کوژراو و بریندار بوون.

لە بەشێکی گرنگی راگەیەندراوەکەدا، حووسییەکان هۆشداریی توندیان ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کارمەندان، پسپۆڕان و گەشتیارانی بیانی لە سەرتاسەری جیهان کرد کە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی سعوودیە هەڵوەشێننەوە، چونکە تەواوی فڕۆکەخانەکان بوونەتە ئامانجی سەربازی، تەنیا فڕۆکەخانە و ئاسمانی هەردوو شاری پیرۆزی مەککە و مەدینە نەبێت.

لە کۆتاییدا هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان دووپاتیان کردەوە کە هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ و ئاڵۆزی بەرامبەر ئاڵۆزی دەسەپێنن و هێرشەکانیان لە قوڵایی خاکی سعوودیە چڕتر دەکەنەوە تا ئەو کاتەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دەوەستێنرێت و گەمارۆی سەر دەروازەکانی یەمەن هەڵدەگیرێت.