بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک؛ فڕۆکەخانەی شا خالید لە سعوودیە کرایە ئامانج

دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاند، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک فڕۆکەخانەی شا خالید لە شاری ریاز، رووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەوە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە هۆڵی سەرنشینانی ژمارە 4 ژمارەیەک کەس بریندار بوون.

یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتدارانی سعوودیە، ئاشکرایان کرد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز جارێکی دیکە کەوتووەتە بەر پەلامارێکی نوێ لە رێگەی مووشەکێکی سەرچاوە نادیارەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون؛ ئەم هێرشەش تەنیا رۆژێک دوای ئەو پەلامارە دێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.

بە پێی زانیارییە فەرمییەکان، مووشەکەکە بەر هۆڵی سەرنشینانی ژمارە (4) لە ناو فڕۆکەخانەکە کەوتووە، هاوکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی مووشەکێکی جۆری "کرووز" لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکەدا تێکبشکێنێت.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتووەتەوە و تیمە فریاگوزارییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: فڕۆکەخانەی شا خالید ئەمڕۆ جارێکی دیکە رووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە کە برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی لێکەوتووەتەوە.

دەستەکە ئاشکراشی کرد، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان، ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان و دڵنیابوونەوەن لە سەلامەتیی تەواوەتیی سەرجەم بەش و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە.

هەروەها ئاژانسی فرانس پرسێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی سێ تەقینەوەی گەورە لە شاری ریازی پایتەخت بیستراون، کە ئەمەش درێژکراوەی ئەو بارگرژییە ئەمنییانەیە کە دوێنێ شەممەش بە هەمان شێوە فڕۆکەخانەی پایتەختی کردبووە ئامانج.