پاپای ڤاتیکان نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێیەک لە سییەکانیدا دەکرێت

پاپای لیۆی چواردەیەم رایگەیاند: لە میانی پشکنینێکی پزیشکیی نوێدا گرێیەکی بچووک لە سییەکانیدا دەستنیشان کراوە و، بە مەبەستی لابردنی ئەو گرێیە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجام دەدرێت.

یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، پزیشکەکان لە میانی پشکنینێکی پزیشکیی نوێدا گرێیەکی بچووکیان لە سییەکانیدا دۆزیوەتەوە، جەختیشی کردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی لابردنی گرێیەکە.

پاپای تەمەن 71 ساڵان باسی لەوەش کرد، رەوشی تەندروستی بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و  رەزامەندیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی نەشتەرگەرییەکە.

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی راگەیاندنی فەرمیی ڤاتیکان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێت ماوەی چاکبوونەوەی پاپا لیۆی چواردەیەم لە نەشتەرگەرییەکە، نزیکەی هەفتەیەک بخایەنێت.

پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، رۆبێرت فرانسیس پریڤۆستی ئەمەریکی، ناسراو بە لیۆی چواردەیەم، بە 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.

پاپە نوێیەکە بە رەچەڵەک ئەمەریکییە و لە ساڵی 1955 شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئێلینۆیسی ئەمەریکا لەدایک بووە و تەمەنی 71 ساڵە.