ئەمریکا کوژرانی هاووڵاتییەکی لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی شا خالد لە سعوودیە راگەیاند

باڵیۆزخانەی واشنتن لە ریاز گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی و 12 کەسی دیکەی لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "شا خالید" پشتڕاستکردەوە، هاوکات هاووڵاتییەکی هیندۆسیش بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی "R4" (سعوودیە، تورکیا، میسر و پاکستان) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێکی سەربازیی ریاز دەربڕی بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی حووسییەکان.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ریاز لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید، هاووڵاتییەکی ئەمریکی شانبەشانی 12 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە. باڵیۆزخانەکە سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەیان برینداری پەلامارەکە خواست.

هاوکات، باڵیۆزخانەی هیندستان لە سعوودیە رایگەیاند، یەکێک لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە لە پەلامارەکەی سەر فڕۆکەخانەکە بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، وڵاتانی گرووپی ناسراو بە (R4) کە پێکهاتوون لە سعوودیە، میسر، پاکستان و تورکیا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندترین شێوە پەلامارەکانی چەکدارانی حووسییان بۆ سەر فڕۆکەخانەی شا خالید و ژێرخانی مەدەنیی سعوودیە سەرکۆنە کرد.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاکی شانشینی سعوودیە و یاسا نێودەوڵەتییەکانن، هاوکات هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنی."

هەر چوار وڵاتەکە لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان لە هاوپشتیی تەواوی خۆیان لەگەڵ سعوودیە کردەوە و پشتیوانیی بێمەرجی خۆیان بۆ "سەرجەم ئەو رێکار و هەنگاوە ڕەوایانە" دەربڕی کە ریاز دەیانگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرچاوەی هەڕەشەکان، سزادانی بکەران و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان، بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بەرگری لە خۆ.

هاوپەیمانیی R4 میلیشیاکانی حووسیی بە تەواوی بەرپرسیاری لێکەوتەکانی ئەم هێرشانە و تێکدانی ئاشتیی نێودەوڵەتی زانی، و داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێمەرجی سەرجەم پەلامارەکانی کرد.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی کردووەتەوە؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییەدا شەیبانی پشتیوانی سووریای بۆ سعوودیە دووپاتکردووەتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا حووسییەکان،چونکە ئەو میلیشیایانە ژێرخانی سڤیل دەکەنە ئامانج.

شەیبانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لەوەش کردووە: ئاسایش و سەقامگیریی سعوودیە بەشێکە لە ئاسایشی سووریا و تەواوی ناوچەکە،سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی شا خالد دەکەین.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ 124 هێرشی ئاسمانیی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بۆ سەر شارەکانی یەمەن، چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەیان لە ناوخۆی سعوودیە ئەنجامداوە.

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە میانی چوار ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا بە مووشەکی بالیستی، کروز و درۆن، فڕۆکەخانەکانی ریاز و دەمام، شانبەشانی دوو دامەزراوەی نەوت و گازی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە قوڵایی خاکی سعوودیە کردووەتە ئامانج. حووسییەکان هاوکات هۆشدارییان دایە سەرجەم کۆمپانیا و گەشتیارانی بیانی کە ئاسمانی سعوودیە نائارامە و لێی دووربکەونەوە.

هەروەها ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی سعوودیە، دووپاتییان کردەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز جارێکی دیکە کەوتووەتە بەر پەلامارێکی نوێ لە رێگەی مووشەکێکی سەرچاوە نادیارەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون؛ ئەم هێرشەش تەنیا رۆژێک دوای ئەو پەلامارە دێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.