ئەکسیۆس: ترەمپ لە زێلێنسکی تووڕەیە

"نێردە تایبەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەیان بۆ مۆسکۆ هەڵپەسارد"

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا پەردەی لەسەر نهێنییەکانی راگەیاندنی ئاگربەستی وزە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لادا و ئاشکرای کرد کە پڕۆژەکەی کۆشکی سپی تەنیا بۆ پاراستنی پاڵاوگە نەوتییەکانە نەک وێستگەکانی کارەبا. بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ بە توندی لە سەرۆکی ئۆکرانیا تووڕەیە، و لە کاتێکدا کیێڤ مامەڵەکە بە نادادپەروەر دەزانێت، نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا گەشتەکەیان بۆ مۆسکۆ هەڵپەساردووە.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ ئەکسیۆس، مەبەستی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیاندنی ئاگربەستی کتوپڕی کەرتی وزە، پێشنیازێکە لەژێر ناوی پاڵاوگە بەرامبەر پاڵاوگە، کە بەپێی پڕۆژەکە دەبێت ئۆکرانیا دەستبەجێ لێدانی پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا رابگرێت بەو هیوایەی دواتر لە قۆناخی دووەمدا گفتوگۆ لەسەر پاراستنی تۆڕەکانی کارەبا بکرێت.

بەرپرسانی ئۆکرانیا بە توندی رەخنە لەم پێشنیازەی ترەمپ دەگرن و بە نادادپەروەری دەزانن؛ بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "ئۆکرانیا تەنیا یەک پاڵاوگەی نەوتی هەیە کە پێشتریش رووسیا چەندین جار بۆردوومانی کردووە و لەکارکەوتووە، لە کاتێکدا رووسیا تۆڕێکی زەبەلاحی لە پاڵاوگە هەیە. ئێمە گازوایل و بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەکەین، ئەوەی پێویستمانە راگرتنی بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبامانە، کەچی چەند کاتژمێرێک دوای پەیامەکەی ترەمپ، رووسیا دووبارە لە وێستگەکانی کارەبای ئۆکراینای دایەوە."

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆسکۆ تا ئێستا هیچ ئاگربەستێکی قبووڵ نەکردووە و "تەنیا بیری لێدەکاتەوە."

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ترەمپ بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بازاڕی سووتەمەنیی ئەمریکا دەبینێت، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژی هەینی رێککەوتنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد بۆ هەناردەکردنی گازوایلی رووسی.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی گوتی: "ترەمپ یەکجار تووڕەیە. ئەو پێیوایە زێلێنسکی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە هەند وەرناگرێت و گوێ بە داواکارییەکانی واشنتن نادات. ئەم هێرشانەی کیێڤ، لەبری ئەوەی زیان بە رووسیا بگەیەنێت، زیانی گەورە بە پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی دەگەیەنێت."

لە سایەی ئەم ئاڵۆزییە نوێیەدا، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە باڵاکانی ترەمپ، بڕیاریاندا گەشتە دیاریکراوەکەیان بۆ مۆسکۆ هەڵپەسێرن، تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئایا ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئامادەن بچنە ژێر باری پڕۆژە پێشنیازکراوەکەی ئەمریکا بۆ پووتین یان نا.

ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ ئاشکرابوونی هەوڵەکانی واشنتن بۆ گوشارخستنە سەر کیێڤ؛ لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لە میامی، لایەنی ئەمریکی هۆشداریی دابووە ئۆکراینا کە لەبەر ئەوەی واشنتن چەک و زانیاریی هەواڵگرییان پێدەدات، نابێت کیێڤ هەنگاو بنێت کە زیان بە بەکاربەرانی ئەمریکی بگەیەنێت، هاوکات رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزیش پشتڕاستی کردەوە، ئەمریکا هەڕەشەی ڕاگرتنی فرۆشتنی چەکی لە رێگەی ناتۆوە لە کیێڤ کردووە ئەگەر بەردەوام بێت لە لێدانی پاڵاوگەکانی رووسیا.