شانەی راگەیاندنی ئەمنی: پرسی دۆلار داراییە و دەستوەردانی تێدا ناکەین
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بەپێی فەرمانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پرسی نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکان دۆسیەیەکی تەواو دارایی و ئابوورییە، نەک ئەمنی. لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هیچ فەرمانێک بۆ دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە جووڵەی بازاڕ یان دیاریکردنی نرخی دراودا بوونی نییە.
یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمیی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێنمایی دەرکردووە، دۆسیەی نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکان بەپێی یاساکانی بازاڕ و هاوکێشەی خستنەڕوو و خواست بەڕێوەدەچێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم بابەتە تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵات و پسپۆڕیی دامەزراوە دارایی و نەختینەییەکانە و لە پێشەنگیاندا "بانکی ناوەندیی عێراق"، بۆیە بە هیچ جۆرێک وەک پرسێکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی لەوە کردەوە، هێزە ئەمنییەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ دەستوەردان لە جووڵەی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕدا یان کاریگەریدانان لەسەر نرخی دراو.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکان تەنیا لە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادوەرییە فەرمییەکاندا کورت دەبێتەوە. هەر رێکارێکیش بەرامبەر بە سەرپێچیکاران و بازرگانیی نایاسایی دراو بگیرێتەبەر، بە هەماهەنگیی تەواو دەبێت لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، بە جۆرێک رێگری لە هەر هەنگاوێکی هەڕەمەکی و پێشێلکردنی مافی بازرگانانی یاسایی بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تەنیا بانکی ناوەندی بەرپرسە لە چاودێریکردنی بانکەکان و رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو نووسینگەکانی گۆڕینەوەی پارە و گرتنەبەری رێکاری کارگێڕی بەرامبەر سەرپێچییەکان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوای لە هاووڵاتییان، بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کرد کە دڵنیا بن و بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ ترس بەردەوامی بە چالاکییە دارایی و بازرگانییە یاساییەکانیان بدەن؛ جەختیشی کردەوە، حکوومەت پابەندە بە رێزگرتن لە دەسەڵاتی دامەزراوەکان و پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی وڵات.