سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەر مین کەوت
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوون لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز، بەر مینێکی دەریایی کەوتووە. رووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە بووە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئاگر لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی ئێران "ئیسنا" بڵاویکردەوە، ئەمە سێیەم کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکارە کە لە شەممەوە ئاگری تێبەربێت، ئەوەش لە کاتی تێپەڕبوونیان بەو رێڕەوەی ئاژانسەکە بە رێڕەوی رێگەپێنەدراو ناوی بردووە. ئاژانسەکە جەختی کردەوە، سەرجەم ئەو کەشتییانەی لە سنووری گەرووی هورمزدان و سیستەمی هاتوچۆ و ناسنامەی خۆیان دەکوژێننەوە، وەک کەشتی دوژمن ئەژمار دەکرێن و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
میدیا حکوومییەکانی ئێران لە زاری موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڵاویان کردەوە، وەڵامی ئەمریکا بۆ ئەو حەوت مەرجەی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەشی کردووە، بێ بنەمایە.
تاران لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازێکی پێشکەش کردبوو. بەگوێرەی ئەو پێشنیازە لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکان، گەرووی هورمز لە ماوەی حەوت رۆژدا دەکرێتەوە و هاتوچۆی دەریایی بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێ دەکاتەوە. ئەمریکاش لە رێگەی نێوەندگیریی قەتەر وەڵامی پێشنیازەکەی دابووەوە.
موحسین رەزایی گوتی: "پێویستە واشنتن ئەو بابەتانە روون بکاتەوە کە بۆ تاران هێشتا نادیارن". رەزایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، حەوت مەرجیان بۆ ئەمریکییەکان داناوە و بە روونی رایان گەیاندووە تا کاتی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، گەرووی هورمز بۆیان ناکرێتەوە و هیچ دانوستانێکیش بەڕێوە ناچێت.
رەزایی ئەوەشی خستە روو، ئێران ئیتر لە قۆناخی وەڵامدانەوەی ئەمریکییەکاندا نەماوەتەوە. رەزایی گوتیشی، لە وەڵامەکەیاندا هەندێک لە مەرجەکانیان قبووڵ کردووە، بەڵام مەرجەکانی دیکە هێشتا نادیارن.
تاران لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا رایگەیاند، وەڵامێکی ئەمریکای بە دەست گەیشتووە سەبارەت بە تازەترین پێشنیازەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی ئاگربەستی شکستهێناوو، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند رەدی کردووەتەوە.
قەتەر و نێوەندگیرانی دیکە پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاران دەگوازنەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، کە پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتدا، پێنجیەکی نەوت و گازی سروشتیی شلی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبوو.