حزبوڵڵای عێراق لە دژی سعوودییە پشتگیری حووسییەکان دەکات
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە رێگەی کەتائیبی حزبوڵڵاوە، پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشە سەربازییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی سعوودیە دووپات کردەوە و هاوکات سێ داواکاریی سەرەکیی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ریاز کرد.
کەتائیبی حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سەرکردایەتی و گەلی یەمەن کرد، کە دوای ئەوە هات حووسییەکان بۆ جاری دووەم هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە سعوودیە؛ هێرشێک کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی و بیانی، لەگەڵ برینداربوونی 350 کەسی دیکە. کەتائیب ئەو هێرشانەی بە وەڵامێک لە بەرامبەر گەمارۆکانی سعوودیە بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوبرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، حزبوڵڵا دوا دەکات؛ محەممەد بن سەلمان و لایەنگرانی دەکات بە فەرمی دان بە شکستی خۆیاندا بنێن، هەروا دەبێت بە زوویی کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنرێت کە خراوەتە سەر گەلی یەمەن. لەگەڵ داوا لە حووسییەکانی یەمەن دەکات لە هێرشەکانیان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی سەرکەوتن بەدەست دێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، کەتائیبی حزبوڵڵا جەختی لە پشتیوانیی بەرەی مقاوەمە و خەڵکی عێراق بۆ حووسییەکان کردەوە و رایگەیاند؛ ئەو دەنگانەی لەناو عێراقدا دژی ئەم هەڵوێستانە دەبیسترێن، نوێنەرایەتیی گەلی عێراق ناکەن و تەنیا رای کەسیی خۆیانن.
ئەم گرژی و پەیامە توندانەی بەرەی مقاوەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە سعوودیە. سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ریاز پێشتر دوو جار بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق بۆ سەر خاکی سعوودیە دواخرابوو، کە هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بە قۆناخێکی نوێ و هەستیار.