کۆنگرێس داوا لە ترەمپ دەکات لە گرێبەستی هاوردەکردنی گازی رووسیا پاشگەز ببێتەوە

ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد لە گرێبەستی هاوردەکردنی گازی رووسیا پاشگەز ببێتەوە. ئەندامانی ئەنجوومەنەکە جەختیانکردەوە، ئەو هەنگاوە پێچەوانەی یاسای ئەمریکایە کە هاوردەکردنی وزەی رووسیای قەدەخە کردووە، تا مۆسکۆ کۆتایی بە جەنگەکەی ئۆکرانیا نەهێنێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی پیران کە چواریان کۆمارین و سێیەکەی دیکەیان دیموکراتن، لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە کۆنگرێس لە ساڵی 2022 بە روونی هاوردەکردنی وزەی رووسیای قەدەخە کردووە. ئامانج لەو بڕیارە رێگری بووە لە بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو جەنگەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە دژی ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە.

ئەو ئەندامانە روونیشیانکردەوە، کارگێڕییەکەی ترەمپ نە لەگەڵ کۆنگرێس راوێژی کردووە و نە هیچ پاساوێکی بۆ بڕیارەکەی پێشکەش کردووە، لە کاتێکدا یاسا پێویستی بەو راوێژکارییە کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نابێت ئەمریکا سەرچاوەی دارایی بۆ پووتین دابین بکات، لە کاتێکدا رووسیا بەردەوامە لە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئۆکرانیا و پێویستە کارگێڕییەکە دەستبەجێ سیاسەتەکەی راست بکاتەوە.

ئەمە نوێترین رەخنەی هەردوو پارتەکەیە لەو گرێبەستەی ترەمپ، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە هەڵوێستی کۆمارییەکاندا، چونکە پێشتر بەشێوەیەکی گشتی یەکیانگرت بۆ پشتگیریکردنی بڕیارەکانی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوە. ئەم رەخنانە لە کاتێکدایە چەند هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ـی نۆڤەمبەر، کە بڕیارە چارەنووسی کۆنترۆڵکردنی ئەنجوومەنەکە یەکلایی بکاتەوە.

راگەیەندراوەکە لەلایەن سوزان کۆلینز لە ویلایەتی مێن، لیسا مورکۆوسکی لە ئالاسکا، تۆم تیلیس لە کارۆلاینای باکوور، جۆن کێرتس لە یووتا، جێن شاهین لە نیوهامپشێر، ریچارد بلومێنتال لە کۆنێتیکت و رۆن وایدن لە ئۆریگۆن واژۆ کراوە. تۆم تیلیس رایگەیاندبوو، گرێبەستەکەی ترەمپ لەگەڵ رووسیا لەبارەی گازوایلەوە لەوانەیە نایاسایی بێت و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکییەکان دروست بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، رووسیا رازی بووە گازوایل بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین بکات و کارگێڕییەکەشی بە کاتی سزاکانی سەر وزەی رووسیای هەڵپەساردووە، کە ئامانج لێی بێبەشکردنی مۆسکۆ بوو لە داهاتی پێویست بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا. تیلیس، کە خولەکەی لە ئەنجوومەنی پیران لە کانوونی دووەمی داهاتوو کۆتایی دێت، بە بەرنامەی "میت دە پرێس"ـی تۆڕی ئێن بی سی گوت، پێموایە پاساوی پێویست هەیە بۆ ئەوەی بگوترێت سەرۆک پابەندی یاسا نابێت.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا یەکشەممە بە تۆڕی فۆکس نیوزی راگەیاند، کارگێڕییەکەی ترەمپ بە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی لەبەردەستیدایە، گرێبەستەکەی گازوایل لەگەڵ رووسیا جێبەجێ دەکات. بیسێنت جەختی کردەوە ئەو رێککەوتنەی ترەمپ هەینی رایگەیاند، لە بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکادایە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخەکان. 

بیسێنت گوتی، بە بەکارهێنانی هەموو ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی هەیانە، گرێبەستەکە جێبەجێ دەکەن و هەر کەسێک لە کۆنگرێس بڵێت پڕۆژە یاسایەکی کۆن یان پڕۆژە یاسای ئێستای لینزی گراهام رێگری لە ئێمە دەکات، هەڵەیە.