ئیسرائیل بۆ ناسینی ئایدیۆلۆژیای گرووپەکان قوتابخانە دەکاتەوە
ماڵپەڕی والای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل "شاباک" پلانی هەیە قوتابخانەیەکی تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە ئیسلام لەنێو دەزگاکەدا بکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە، پڕۆژەکە لەلایەن دەیڤید بارنیع، سەرۆکی دەزگاکە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت وانەی پێویست لە هەڵەی تێنەگەیشتن لە ئایدیۆلۆژیای حەماس وەرگیراوە، سەرەڕای ئەوەی زانیاریی هەواڵگریی بەرفراوان لەبەردەستدا بوون سەبارەت بە نیازەکانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
قوتابخانە نوێیەکە لە پاڵ دامەزراوەی ئێستای شاباک بۆ فێرکردنی زمانی عەرەبی کە بە "ئۆڵپان" ناسراوە، کار دەکات. ماڵپەڕەکە ئاستی پیشەیی ئەو دامەزراوەیەی بە بەرز وەسف کردووە، روونیکردەوە هەندێک جار ئەندامانی سوپای ئیسرائیلیش بەشداریی لە بەرنامەکانیدا دەکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، قوتابخانەکە ژمارەیەک وانەبێژ، شارەزا، ناوەندیی زانیاری، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێستا و پێشووی دەزگاکە لەخۆ دەگرێت. لێکۆڵینەوە لە ئیسلام بەگوێرەی ئەو ئاستەنگانە دەبێت کە دەزگاکە لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا رووبەڕووی دەبێتەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی تێگەیشتنی کارمەندانی دەزگاکە لە بوارە جیاوازەکاندا.
راپۆرتەکە روونیکردەوە، یەکێک لە گرنگترین ئەو وانانەی ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە کەموکوڕییەکانی 7ـی تشرینی یەکەمەوە وەریان گرتووە، لاوازیی تێگەیشتن لە ئیسلام و رەوت و لێکدانەوەکانی بووە. هاوکات، کەموکوڕی لە تێگەیشتن لە کولتووری فەڵەستینی، بەتایبەت لە کەرتی غەزە و ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆوە بینیون، رۆڵی لەو دۆخەدا هەبووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو کەموکوڕییانە سەرەڕای بوونی زانیاریی هەواڵگریی بەرفراوان و ورد سەبارەت بە نیازەکانی حەماس بۆ هێرشکردن دەرکەوتوون. کەموکوڕییەکان بریتی بوون لە تێنەگەیشتنی تەواو لە ئایدیۆلۆژیای حەماس و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ئاراستە توندڕەوەکانیاندا هاتن دوای ئازادکردنی یەحیا سنوار لە زیندان. لەپاڵ ئەوەشدا، تێکەڵکردنی دیدگەی ئەحمەد یاسین لە ستراتیژی بزووتنەوەکە و ئەو بۆشاییەی لەنێوان رەفتاری رۆژانەی ئەندامەکانیان و ئەو باوەڕانەی لە منداڵییەوە وەری دەگرن، کاریگەریی هەبووە.
سەرچاوەکان لە ناوەندە هەواڵگرییەکانەوە ئاماژەیان بەوە داوە، پەرەسەندنی تواناکانی کۆکردنەوەی زانیاری لە رێگەی هەواڵگریی ئیشارەیی و تەکنەلۆژیای سیخوڕیی ئەلیکترۆنییەوە، کە گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، نامەکان و پۆستی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات بووە هۆی لاوازبوونی ئەو پێویستییەی پێشتر بۆ زانیارییە بنەڕەتییەکانی ئیسلام هەبوو.
سەرچاوەکان بڵاویانکردەوە، ئەو گۆڕانکارییە بووە هۆی کەمبوونەوەی بایەخدان بەو ناوەندانەی پسپۆڕن لە تێگەیشتن لەوەی پێی دەگوترێت ئیسلامی توندڕەو. ئەم دۆخە لە رابردوودا بەشداریی لە دابەزینی ئاستی پیشەیی هەندێک لە شارەزایان و تواناکانیان بۆ تێگەیشتن لە بەرامبەرەکەیان کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە پاڵ کردنەوەی قوتابخانەکەدا، سەرۆکی شاباک کار دەکات بۆ باشترکردنی بارودۆخی خزمەتی کارمەندانی دەزگاکە. ئەم هەوڵە دوای ئەوە دێت کە لە دەیەی رابردوودا کارمەندان رووبەڕووی گوشاری زۆر بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان فراوانتر و ئاڵۆزتر بوون.