لە ئاکرێ پاسی قوتابیان بەبێ نۆرە بەنزین وەردەگرن

لەپێناو پشتگیریکردنی خێزانی قوتابیان و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان، لە ئاکرێ بڕیار درا سەرجەم ئەو کۆستەر و مینی‌پاسانەی لە هێڵەکانی گواستنەوەی قوتابیاندا کار دەکەن، بەبێ نۆرە و بە نرخی پشتگیریکراوی 750 دینار بەنزین وەربگرن.

دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، کارزان فەرحان، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لە ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هاوکاریی قایمقامی ئاکرێ و لێژنەی سووتەمەنی هەنگاومان نا بۆ ئەوەی پاس و مینی‌پاسەکان بەبێ نۆرە بەنزین وەربگرن، ئەمەش بۆ ئەوەیە قوتابیان لە دەوام دوا نەکەون.

فەرحان گوتی: بەشێک لە شۆفێران بیانوویان ئەوە بوو کە بەنزین گران بووە و نۆرە دەگرن، بۆیە ئێستا راستەوخۆ لە رێگەی باجێکی تایبەتی سەندیکای کرێکاران لقی ئاکرێ، بەنزین بەبێ نۆرە دەدرێت بە شۆفێران بۆ ئەوەی کرێی زیاتر لە قوتابیان وەرنەگیرێت و پابەند بن بە نرخی ساڵی رابردوو.

ئەم سیستەمە سێ رۆژە کارا کراوە و نزیکەی 150 پاس و مینی‌پاس لە ئاکرێ سوودمەند دەبن، کە گواستنەوەی منداڵانی داینگە و قوتابخانەکان دەگرێتەوە. پێشتر گلەیییەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییان و شۆفێرانەوە هەبوو سەبارەت بە گرانبوونی کرێی گواستنەوە و پابەندنەبوونی شۆفێران بە نرخی ساڵی رابردوو.