هۆشیار زێباری: کاندیدانی پارتی بۆ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە یەکلایی بووەتەوە
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەنگین رێکانی و رێباز حەملانە، هەروەها جەختی لە پەیوەندییە پتەوەکانی پارتی کردەوە لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵێکی عێراقی رایگەیاند، عەلی زەیدی، پیاوێکی راستگۆیە و لە زۆر رووەوە بیروڕای لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەگونجیت و ئەو دەیەوێت عێراق سەنگ و رێزی بۆ بگەڕێتەوە.
هەروەها لە بارەی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت، هۆشیار زێباری رایگەیاند، پێویستە بەیانی سێشەممە کابینەکە تەواو بکرێت بەڵام قورسە ئەمە رووبدات بۆیە بە ئەگەری زۆر دەمێنێتەوە هەفتەی داهاتوو چونکە هەندێک کێشەی ناوخۆ هەیە کە هێشتا تەواو نەبوون و هەندێک لە ناوەکان لای سەرۆکوەزیران و تیمەکەی روون بووەتەوە ئەگەر رۆژی سێشەممە ناوەکان پێشکەش نەکرا ئەوا بۆ هەفتەی داهاتوو یاخود هەفتەی دواتر دوا دەخرێت.
هۆشیار زێباری رایگەیاند کاندیدی ئێمە بۆ جێگری سەرۆکوەزیران بەنگین رێکانییە، و کاندیدمان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رێباز حەملانە.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان پەیوەندی زۆر باشی هەیە بە تایبەتی لەگەڵ رەوتی حیکمە و دەوڵەتی یاسا پەیوەندییەکانیان مێژووییە.
هەروەها رایگەیاند لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ محەمەد حەلبووسیش ئێستا لە ئاستێکی زۆر باش دایە.
هەروەها راشیگەیاند، لایەنە سونی و شیعییەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەر کاندیدێک پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵیبژێرێت ئەوان پشتگیری لە بڕیارەکەی پارتی دەکەن هەروەها ئێمەش بە هەمان شێوە پشتگیری لە کاندیدەکانی ئەوان دەکەین.