گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: گەنجینەی دەوڵەت زیانی گەورەی بەرکەوتووە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باس لە زیانە داراییەکانی کابینەی رابردوو و گەمارۆی سەر ئابووریی وڵات دەکات، هاوکات بێدەنگیی ئێران بەرانبەر داواکارییەکی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت ئاشکرا دەکات.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئابووریی وڵاتەکە گەمارۆ دراوە و هیچ لایەنێک کارئاسانیی بۆ عێراق نەکردووە بۆ تێپەڕاندنی نەوتەکەی. هەروەها روونیکردەوە، داوایان لە ئێران کردووە بەهۆی خراپیی رەوشی داراییەوە رێگە بدات نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە بفرۆشرێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوە کرد، حکوومەتی پێشتر بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی گەنجینەی دەوڵەتی تووشی زیانێکی نزیک لە 36 تریلیۆن دینار کرد، هۆکارەکەشی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار لە 147 هەزار بۆ 132 هەزار دینار گەڕاندەوە.
حەیدەر عەبوودی گوتی، بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆکیی بەشێک لە بازرگانان و هەوڵەکانی بەکارهێنانی رەوشەکە بە شێوازێکی کاتی.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە دا، بەمزووانە کۆمەڵێک بڕیاری حکوومەت دەردەچێت بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکان و هێنانەدی ئارامیی زیاتر لە بازاڕدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیران و بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریان دا بەهای فەرمیی دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی بۆ 1520 دینار بەرز بکەنەوە. ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی ناجێگیری لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و نرخی 100 دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار.
زۆرینەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی باشووری وڵاتەوە بەرەو کەنداو و پاشان گەرووی هورمز هەناردە دەکرێت. بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق رووبەرووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە و داهاتی وڵاتی زۆر کەم کردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2023، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا نرخی فەرمیی دۆلار لە 147 هەزارەوە بۆ 132 هەزار دینار دابەزێنێت، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ؛ بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و مووچە و بودجە ناوخۆییەکانی بە دینار دەدات، ئەم بڕیارە وایکرد داهاتی دیناریی حکوومەت بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکات و ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لێ بکەوێتەوە کە زیاتر لە 36 تریلیۆن دینار بوو.