حکوومەتی تورکیا بڕیاری ئەم دواییەی پەکەکە تاوتوێ دەکات
کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرپەرشتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و ئاسایشی هەرێمی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی "بێشتەپە" لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە و کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمی تاوتوێ دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی هێنانەدی ئاشتی. لەم چوارچێوەیەدا و پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی کشانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ناوچەکانیان و پرۆسەی چەکدانانیان بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن، تاوەکو رێگە بۆ هەنگاوی یاسایی خۆش بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی سندووقەکانی وەبەرهێنان تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.
سەرباری پرسە ناوخۆییەکان بەشێکی کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی هەرێمی تەرخان دەکرێت؛ لەو چوارچێوەیەدا دواپێشهاتەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها رەوشی ئەمنیی ناوچەکە و هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودییە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکردایەتیی پەکەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا هیچ بیانوویەکی نەمێنێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەواوی ئەو هێزانەیان کێشایەوە کە مەترسیی پێکدادان لە ناوخۆی تورکیا دروست دەکەن، هاوکات چوار تونێلی شەڕ و سەنگەرەکانی چیای "مەتینا"ـشیان لە رۆژئاوای زاپ تێکداوە.
پەکەکە هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر تورکیا بیەوێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات، دەبێت بێ دواکەوتن هەنگاو بنێت، بەڵام ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار بیەوێت پرۆسەکە درێژ بکاتەوە بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، ئەوە دەبێتە گەورەترین هەڵەی مێژووی تورکیا.